پێشانگەیەکی فەرەنسی لە ڕێگەی ۲۰۰ بەرهەمەوە، دەرگاکانی جیهانی یەکێک لە بەناوبانگترین هونەرمەندەکانی سەدەی بیستەم بەڕووی جەماوەردا دەکاتەوە.
بەشێک لە شارە بچووکەکانی فەرەنسا، بە شێوەیەکی لەناکاوداو لە دەرەوەی ڕیتمی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەیان، دەبنە مەڵبەندێکی گرنگی فەرهەنگی و سەرنجی جیهان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن. شاری لاندیرنۆ لە ناوچەی برۆتانی کە شوێنی لەدایکبوونی ئێدوار لوکلێر، بازرگان و دامەزرێنەری کۆمەڵە فرۆشگەکانی “لوکلێر”ـە، نموونەیەکی دیاری ئەم دیاردەیەیە.
لوکلێر کە لە ۲۰۱۲ کۆچی دوایی کرد، یەکەم فرۆشگەی خۆی لە ۱۹٥٦ لە لاندیرنۆ کردەوە. دوای سەرکەوتنە ئابوورییە گەورەکانی، لە ۲۰۱۱ـدا بڕیاردرا دامەزراوەیەکی فەرهەنگی بۆ ناساندنی هونەری هاوچەرخ دابمەزرێنرێت. ئێستا ئەم دامەزراوەیە لەلایەن میشال ئێدوار لوکلێری کوڕییەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، دامەزراوەکە پێشانگەی جیهانی بۆ هونەرمەندە نێودارەکانی وەک خوان میرۆی ئیسپانی، ئالبێرتۆ جیاکۆمێتی سويسری، و مارک شاگالی ڕوسی ڕێکخستووە و تا ئێستا پێشوازی لە زیاتر لە دوو ملیۆن سەردانیکەر کردووە.
ڕووداوی گەورەی ئێستای دامەزراوەکە، تەرخانکردنی پێشانگەیەکە بەتەواوی بۆ هونەرمەندی ئەمریکی، ئەندی وارهۆڵ (۱۹۲۸-۱۹۸۷).
ئەمە دەبێتە یەکەم پێشانگەی لەو شێوەیە لە فەرەنسا دوای پێشانگەکەی ناوەندی جۆرج پۆمپیدۆ لە ۱۹۹۰.
پێشانگەکە ۲۰۰ لە بەناوبانگترین تابلۆ و وێنەکێشانەکانی وارهۆڵ لەخۆدەگرێت، کە بە شێوەیەکی تایبەت لەلایەن مۆزەخانەی ئەندی وارهۆڵ لە شاری پیتسبورگی ویلایەتی پێنسلڤانیا (شوێنی لەدایکبوونی هونەرمەندەکە) بەقەرز دراونەتە پێشانگەکە.
پێشانگەکە پێداچوونەوە بە گەشەی هونەریی ئەندی وارهۆڵدا دەکات، وەک یەکێک لە دیارترین سیماکانی هونەری سەدەی بیستەم و سیمبولی ئایکۆنی “پۆپ ئارت” یان هونەری جەماوەری لە ئەمریکا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا.
ناوی ڕاستەقینەی ئەندرۆ وارهۆلایە؛ دایک و باوکی لە ناوچەیەکەوە کە ئەمڕۆ بە سلۆڤاکیا دەناسرێت، بەرەو ئەمریکا کۆچیان کرد بەدوای کار و داهاتوویەکی باشتردا.
وارهۆڵ لە ژینگەیەکی هەژاردا گەورە بوو، دایکی هەرگیز نەیتوانی بە باشی بە ئینگلیزی بدوێت. وارهۆڵ ڕەنگڕێژی و دیزاینی گرافیکی لە پیتسبورگ خوێند و دواتر ڕووی لە نیویۆرک کرد، لەوێ لە ڕێگەی دیزاینی ڕیکلامەوە ناوبانگی دەرکرد و ناوەکەی گۆڕی بۆ ئەندی وارهۆڵ تا ناسنامە ئەمریکییەکەی بەهێزتر بباتە پێشەوە.
لە بەشی یەکەمی پێشانگەکەدا، بەرهەمەکانی لە بواری ڕیکلامی بازرگانیدا نمایش دەکرێن، لەوانە ڕیکلام بۆ کۆمپانیای ئەپڵ، شانێل و دیزاینی پێڵاو. لەم بەرهەمانەدا داهێنانەکانی لە هێڵەکانی نووسین و گرافیکدا دەردەکەون، کە ببوونە خەسڵەتێکی نەپچڕاوی تەواوی کاروانی هونەریی.
وارهۆڵ بە جیهانی ژیانی بەکاربەریی ئەمریکی سەرسام بوو. یەکەمین بەرهەمەکانی لە وێنەی کەلوپەلی فرۆشگاکانەوە وەرگرت، وەک شووشەی کۆکا کۆلا، قاپشۆردنی “پریلۆ”، و قوتووەکانی سوپی “کامبڵ”. ئەم بەرهەمانەی کە ڕێکەوتەکەیان بۆ دەیەی شەستەکان دەگەڕێتەوە، ڕەنگدانەوەی زاڵبوونی بە بەکاربردن و وێنەی ڕیکلامەکان بوون لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا، هاوکات توانای ناوازەی هونەرمەندەکەیان نیشان دەدا لە داهێنانی شێوازێکی نوێ لە جیهانی هونەری نیویۆرکدا.
ئەو قوتوویەکی سوپ یان شووشەیەکی کۆکاکۆلای کردە بابەتێکی سەرەکی بۆ داهێنان، لە شوێنی بابەتە سۆزداری و بوونگەرایی و جوانییە نەریتییەکانی مێژووی هونەر.
دوای قۆناغی بازرگانی، پێشانگەکە دەچێتە سەر قۆناغی پۆرتریتەکان. لە بەناوبانگترینیان، وێنەکانی ئەکتەری ئەمریکی مارلین مۆنڕۆیە کە بە ڕەنگی جیاواز و لە ۱۹٦۷دا بەرهەمهاتووە.
وارهۆڵ یەکێک بوو لەوانەی بەشداری لە نەمرکردنی یادەوەری ئەم ئەستێرەیە کرد؛ دوای مردنە لەناکاوەکەی لە تەمەنی ۳٦ ساڵیدا لە ۱۹٦۲. پۆرتریتەکە لێرەدا تەنیا ئامانجی بەرجەستەکردنی ناوبانگی ئەکتەرەکە نییە، بەڵکو وێنەیەکی ڕزگارکراو و بە وردییەکی زۆرەوە دارێژراو پێشکەش دەکات.
ئەم شێوازە بۆ کەسایەتییە دیارەکانی دیکەی ناو پێشانگەکەش ڕاستە، وەک جاکلین کێنید”. هونەرمەندەکە تەکنیکی چاپکردنی ئاوریشمی بەکارهێناوە، بەمەش کەموکوڕییەکان دەشاردرێنەوە و تەنیا دیارترین سیماکانی کەسایەتییەکان دەمێننەوە، کە وا دەکات بینەران بە ئاسانی بیانناسنەوە.
وارهۆڵ بە شێوەیەکی بێوێنە توخمە ڕووکەشەکانی کولتووری ئەمریکی بەرجەستە کرد و پەیوەندی نێوان ناسنامەی ئەمریکی، بەکاربردن، وێنەی کۆکاکۆلا و ئەستێرەکانی هۆڵیوودی خستەڕوو. تەنانەت پەیکەری ئازادی کە یەکێکە لە بەناوبانگترین ئایکۆنەکانی ئەمریکا، لەژێر دەستی ئەو دا بووە ئاماژەیەکی وێنەیی بەکاربەری کە بە ئاسانی دەناسرێتەوە، ڕێک وەک هێمای دۆلار.

