zagros news agency

گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی بەڵجیکا بەرەو سنووری ئەڵمانیا پەل دەهاوێژێت

لە نوێترین پێشهاتەکاندا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ئابی ٢٠٢٦ (٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥)، بەرپرسانی بەڵجیکا ڕایانگەیاند، ڕووبەری ئەو زەوییەی لە ناوچە پارێزراوەکەی «هۆهەس ڤێن» یان «هۆت فانی» سووتاوە، گەیشتووەتە نزیکەی ٣ هەزار هێکتار. هاوکات شاری سنووریی مۆنشاو لە ئەڵمانیا دوای نزیکبوونەوەی ئاگرەکە لە سنوور، هەزاران دانیشتووی لە ئەگەری چۆڵکردنی ماڵەکانیان ئاگادار کردەوە.
بەپێی ڕۆیتەرز، ئاگری ناوچە پارێزراوەکە لە نیوەڕۆی هەینی، ١٤ی ئابی ٢٠٢٦ (٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥) دەستی پێ کرد و بەهۆی گەرمای توند، وشکەساڵی و سروشتی زەوییەکەوە بەخێرایی بڵاو بووەوە. تا ئێوارەی شەممە، ٢٧٠٠ هێکتار زەوی کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئاگرەکەوە و تا بەیانیی یەکشەممە ئەو ڕووبەرە گەیشتە نزیکەی ٣ هەزار هێکتار.
ئەم ڕووبەرە ئاگرەکە دەکاتە گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی تۆمارکراو لە مێژووی نوێی بەڵجیکادا. پێشتر ئاگرێکی ساڵی ٢٠١١ نزیکەی ١٤٠٠ هێکتاری لە هەمان ناوچەدا سووتاندبوو؛ بەم پێیە قەبارەی زیانی ئاگرە نوێیەکە تا ئێستا زیاتر لە دوو هێندەی ڕووداوەکەی ساڵی ٢٠١١یە.
حکوومەتی هەرێمی والۆنیا لە بەیاننامەی بەیانیی ١٦ی ئابدا گوتی، زیاتر لە ١٠٠ ئاگرکوژێنەوەی بەڵجیکی و ئەڵمانی، نزیکەی ٧٠ پۆلیس، ٢٠ ئەندامی بەرگریی شارستانی، ٤٠ سەرباز و نزیکەی ١٢ کارمەندی فریاکەوتن و پشتیوانیی دەروونی لە ناوچەکەدا مابوونەوە. ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی ئاگر بۆ دووەم شەو بەبێ وەستان بەردەوام بوو.
سروشتی «هۆت فانی» کارەکەی بۆ تیمەکانی فریاکەوتن دژوارتر کردووە. ناوچەکە تێکەڵەیەکە لە زەویی تەڕ، گژوگیا، دارستان و چینەکانی تۆرب. ئامێرە قورسەکان لە هەندێک شوێندا ناتوانن بچنە پێشەوە، چونکە مەترسیی نقوومبوونیان لە زەویی نەرم و تەڕدا هەیە. هاوکات، گەیشتنی ئاگر بە چینەکانی تۆرب دەتوانێت پڕۆسەی کوژاندنەوەکە زۆر درێژ بکاتەوە؛ چونکە تۆرب دەتوانێت لە ژێر زەویدا بەبێ بڵێسەی دیار بەردەوام بسووتێت و دواتر دووبارە سەری هەڵبداتەوە.
لە بەڵجیکا، نزیکەی ٦٠٠ دانیشتووی ناوچەکانی وایمس و بوتگنباخ ناچار کران ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. هەروەها دانیشتووانی کووشێڵشاید، لەیکاول و بەشێکی سووربرۆدت گواسترابوونەوە. کەمپێکی هاوینەی منداڵانیش چۆڵ کرا و لە گەشتیاران داوا کرا ناوچە مەترسیدارەکە بەجێ بهێڵن. بەپێی ئەسۆشیەیتد پرێس، تا بەیانیی یەکشەممە هیچ ماڵێک ڕاستەوخۆ بە بڵێسەکان نەسووتابوو، بەڵام ئاگرەکە لە ناوچە نیشتەجێبووەکان نزیک بووبووەوە.
لە دیوی ئەڵمانیا، شاری مۆنشاو بە نزیکەی ١٢ هەزار دانیشتووەوە، شەوی شەممە نزیکەی ٥ هەزار کەسی لە کالتهەربێرگ، موتسەنیش و چەند ناوچەیەکی سنووریی تر لە ئەگەری چۆڵکردنی ماڵەکانیان ئاگادار کردەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەو هۆشدارییە تەنیا مەترسیی گەیشتنی بڵێسەکان نەبوو، بەڵکوو چڕبوونەوەی دووکەڵ و ڕەشەبای ئاگرەکەش بوو.
شارەوانی پێشنیازی بۆ دانیشتووانی پلاتەڤێن، لەی‌لۆخ و بەشی ڕۆژاوای مەسەوێگ کرد، ئەگەر بتوانن تا کاتژمێر ١٠ی بەیانیی یەکشەممە بچنە ماڵی خزم و هاوڕێکانیان. نێوەندێکیش لە «بۆرگەرکازینۆی ئیمگنبرۆیش» بۆ ئەو کەسانە ئامادە کرا شوێنی جێگرەوەیان نەبوو.
بەڵام تا نیوەڕۆی یەکشەممە، مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ مۆنشاو بە کەمتر هەڵسەنگێندرا. فیلیپ کرووگەر، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئاگرکوژێنەوەی مۆنشاو گوتی، بەرەی ئاگر لە شەوەوە زیاتر بەرەو شارەکە نەجووڵاوە. بەپێی دەبلیودی‌ئاڕ، ژمارەی هێزە ئامادەکان لە ٩٠ کەسەوە بۆ نزیکەی ٢٠ کەس کەم کرایەوە، بەڵام چاودێریی ناوچە سنوورییەکە بەردەوامە.
هێزەکانی ئەڵمانیا پێشتر زەوییە کشتوکاڵییەکانی نزیک سنووریان بە ئاو تەڕ کردبوو، بۆ ئەوەی ئەگەر ئاگرەکە بەرەو ئەڵمانیا پەل بهاوێژێت، بڵاوبوونەوەی خاوتر بکرێتەوە. دامەزراوەی یارمەتیی تەکنیکیی ئەڵمانیاش لە گواستنەوەی ئاو، ئامێر و کەرەستەدا پشتیوانیی ئاگرکوژێنەران دەکات.
بەڵجیکا بە فەرمی میکانیزمی بەرگریی شارستانیی یەکێتیی ئەورووپای چالاک کرد. بەدوای ئەو داواکارییەدا، ٣ هەلیکۆپتەر و ٢ فڕۆکەی ئاوهەڵگر لە هۆڵەندا، کۆماری چیک و سویدەوە ڕەوانەی ناوچەکە کران. ئاگرکوژێنەران و تیمە یارمەتیدەرەکانی ئەڵمانیا و لوکسەمبۆرگیش لەگەڵ سوپا، پۆلیس و جووتیارانی بەڵجیکا بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.
دووکەڵی ئاگرەکە تەنیا مۆنشاوی نەگرتەوە، بەڵکوو گەیشتە هەرێمەکانی ڕاینلاند–فالتس و سارلاندیش. پۆلیسی تریەر لە دانیشتووانی ویست پەنجەرە و دەرگاکان دابخەن، چونکە بۆنی سووتان و تەنانەت وردەخۆڵەمێش لە هەندێک ناوچەدا بینراوە. تا کاتی بڵاوکردنەوەی دوا زانیارییەکان، هۆکاری دەستپێکردنی ئاگرەکە نەزانراوە و بەرپرسان دەڵێن لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دوای کۆنترۆڵکردنی مەترسیی سەرەکی بەردەوام دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

ڕاوێژکارێکی حکومەتی عێراق: مووچە پارێزراوه تەنانەت ئەگەر پەسەندکردنی بودجەش دواکەوێت

سەڵاح

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

یاسین