وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، ئەمڕۆ دووشەممە تەمویلی مووچەی مانگی تەمموز خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
ئەمەش دەقی راگەیندراوەکەیە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بڕی (830,782,000,000) هەشت سەد و سی ملیار و حەوت سەد و هەشتا و دوو ملیۆن دینار، وەک تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (120,000,000,000) سەد و بیست ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز، لە کۆی گشتیی تەموویلی مووچەکە بڕیوە (کەمکردووەتەوە).
هاوکات، ههر لە چوارچێوەی تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزدا، بڕی (3,326,931,000) سێ ملیار و سێ سەد و بیست و شەش ملیۆن و نۆسەد و سی و یەک هەزار دینار نەنێردراوە، کە تایبەتە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.
تێبینی؛ دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوەو لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز دەکرێت.

