zagros news agency

پەڵامارى تیرۆریستى بۆ سەر کوردستان؛ ناتوانێ شکستى ڕژێمى 47 ساڵە بشاڕێتەوە

رێبوار حەمەلاو شوانى

زۆر لەمێژە دوژمنان و ناحەزان چاویان لە ئازادى و گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانى ئەم گەل و نیشتمانە و ئاڵاهەڵگرەکەى کە بارزانى هەڵنایەت و هەر چى سیناریۆ و پیلانگێرى نەماوە تاقى نەکەنەوە ، هەر لە بەکارهێنانى هەندێک کەس و لایەنى ناوخۆیی تا بەکارهێنانى سیخور و بەکرێگیراو و لاواز ، ئینجا هەڵگیرساندنى شەڕى ناوخۆیی بگرە تا بەکارهێنانى مووشەک بالستیک و درۆنى بۆمبرێژکراو و ئینجا گەمارۆى سەربازى و سیاسى و دیپلۆماسى و دارایی و هەوڵى گۆشەگیرکردنى کوردستان .
بەڵام سەرکردایەتى سیاسى کوردستان ، نەک هەر ڕێگەى نەدا ئەم خەونى دوژمنان و ناحەزان بێتەدى ، بەڵکو ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی ودەستووریی شوێن دەستى لە چارەسەریی ئاشتیانە و دیپلۆماسییانە و سیاسیانە وەک کارەکتەرێکى دیارى ناوچەیی و نێودەوڵەتیی دیارە .
ئەوەى لە ماوەى رابردوو لە کردەوە و هەڵسووکەوتەکانى ئێران بەرامبەر بە کوردستان و عێراق بینراوە ، کارێکى زۆر ناڕەوا و دوورە لە هەموو بەهانەکانى درواسێتى و دیپلۆماسى و مرۆڤدۆستى ، چونکە هەناردەکردنى ماددەى هۆشبەر و مووشەک و درۆن و دروستکردنى دەیان گروپى میلیشیایی و ئینجا دەستوەردان لە کاروبارى حکوومەتى عێراق بۆ بڕینى بەشە مووچە و بودجەى خەڵکى کوردستان و وەک چەکێکى کوردستان و ئینجا بە پاساوى ڕیفراندۆمى سەربەخۆیی و پەڵاماردانى کوردستان و لە ئێستاشدا ڕێگریکردن لە پێکهێنانى حکوومەتى نوێیی کوردستان و دروستکردنى گوشار لە سەر لایەنەکانى دیکە و کارکردن بۆ لێکترازان کوردستان و دوو ئیدارەیی شاراوە نییە و دیارە .
بەتایبەتى لەماوەى رابردوودا ، ئێران دەستى هەبووە لە شەهیدکردنى چەندین کۆڵبەر و پەلاماردانى کەمپى کوردانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە هەرێمى کوردستان و لە ناوخۆیی ئێرانیش لەسێدارەدانى بە پاساو و تەنیا بەهۆى کوردبوو و شەهیدکردنى کچ و کورانى کورد و ئینجا شەهیدکردنى خەڵکى سڤیل لە هەرێمى کوردستان و بە ئامانجگرتنى شوێنە خزمەتگوزارى و گشتى و ئابوورییەکانى کوردستان بەڵگەن لەسەر قێزەوەنى و تاوانى ڕژێمى تاران بەرامبەر بەگەلى کورد لە ناوچەکەدا .
دواى ئەوەى ڕژێمى ئێران لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریکاو ئیسرائیل تووشى شکست و گورزى کوشندەى سەربازى و ئابوورى و سیاسى و دیپلۆماسیی بووە ، ئێستا هیچ سەروەرییەکى نەماوە و لە ناوخۆى ئێرانیش تووشى هەرەسهێنان و بێ متمانە و لێکترازانى گەورە بووەتەوە ، بۆیە هیچیان بەدەستەوە نەماوە ولەکۆتاییەکانى تەمەنى شوومیان بەهەموو شێوەیەک پەڵامارى کورد دەدەن ، چونکە لە مێژە بە خوێن مژینى کورد تونین ، ئەوەش بەڵگەیە بە شکست و پەلەقاژە و ئێستا لە ژێر فشارى قەیرانە سیاسى و نێودەوڵەتییەکاندا بەرەو هەر هەرەسهێنان و پووکانەوە دەچن ، ئێستا لە جیاتى ئەوەى بە هەڵە و تاوانکارییەکانیاندا بچنەوە ، ئەوە دێن پەڵامارى خاک و نیشتمانێک دەدەن کە بە خوێن و فرمێسک و قوربانیدان دەیان ساڵەى هەزاران شەهیدى ئەنفال و کیمیاباران و خەبات و قوربانیدان گەلێکى ستەملێکراو بونیانتنراوە ، هێرشى درۆنى ئێران بۆ سەر نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى کوردستان و بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستن ، ئاماژەیە بە زێهینەتى شکستخوارد و هیستریا و ڕق ئەستووریی ڕژێمێک کە پێیانوایە بە پەڵاماردان و هێرشى ترسنۆکانە و لەناکاو دەتوانن شکستە گەورەکانیان و گۆشەگیربوونیان بشارنەوە .
ئەوەش ئاماژەیەکى روونە بۆ ترسنۆکى و فێڵبازى ونامەردى ڕژێمێک ، کە لەگەڵ نەیارەکانیدا کە 47 ساڵ بوو خەونى سڕینەوە و نقوومبوونیانى دەبینى تووشى شکستى بێ وێنە بووەتەوە کە لەمێژوودا وێنەى نەبووە ، مێژوو سەلمێنەرى ئەو راستییەیە کە پەڵامارە قێزەوەن و تیرۆریستەکان و پیلانگێرییەکان ناتوانن سەقامگیرى و ئاشتى کوردستان بە درۆن و مووشەکى بالستیک و چەکى قەدەغەکراو و کۆمەڵکوژ بشێوێنن ، ئەم کردەوە تیرۆریستەیە ، ئاماژەیە بە تێکشکان و هەرەسهێنانى زیاتر بۆ ئێران، چونکە ئیرادەى ئەم گەل و خاکە لە هەموو کردەوەیەکى تیرۆریستى و پیلانگێرییەکى نامەرد و فێڵبازەکان بەهێزتر وپۆڵایینترە .

هەواڵی پەیوەندیدار

پارتی ناچێته‌ ئه‌و هاوكێشه‌وه‌

دڵشاد

پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانپەروەری هەموو تاکێکی دڵسۆزی کوردستانە

دڵشاد

لەبارەی گوتاری نێچیرڤان بارزانی لە کۆربەندی مێپس

دڵشاد