zagros news agency

نرخەکانی نەوت بەرزبوونەوەی زیاتریان تۆمارکرد

 

​ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی ئابی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخەکانی نەوت بەردەوام بوون لە هەڵکشان و دەستکەوتی زیاتریان پێکان، ئەمەش پاش ئەو بازدانە توندەی دوێنێ تۆماریان کردبوو.

​ئەم بەرزبوونەوە بەردەوامەی نرخەکان درێژەکێشراوی ئەو نادڵنیاییەیە کە بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە تەنگەی هورمز دروستبووە. ترسی بازرگانان لە ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم گواستنەوەی خاو لەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا، وایکردووە کە وەبەرهێنەران بەردەوام بن لە کڕینەوەی گرێبەستەکان و ڕێگە لە پاشەکشەی نرخەکان بگرن.

​لە گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت زیاتر ڕووی لە سەرەوە کرد و گەیشتە 91.71 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (91.50 دۆلار) بە بڕی 0.21 دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە هەڵکشانێکی کەمی بەخۆوە بینی و نیشتەوە سەر 85.68 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دواین ئاماری تۆمارکراو (85.25 دۆلار) بەرزبوونەوەیەکی 0.43 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم بەردەوامییەی بەرزبوونەوەی نرخەکان نیشانیدەدات کە ڕەوشی تەنگەی هورمز و کێشمەکێشەکانی نێوان تاران و واشنتن وەک فاکتەری سەرەکیی جووڵێنەری بازاڕی وزە ماونەتەوە و تا ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ئارامبوونەوەی گرژییەکان دەرنەکەوێت، نرخەکان لە سەرەوە دەمێننەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق دەکات

سەڵاح

نرخەکانی زێڕ و زیو ڕوویان لە هەڵکشان کردەوە

سەڵاح

شاندی دەم پارتی سەردانی دەوڵەت باخچەلی کرد

یاسین