حکومەتی کازاخستان بە مەبەستی ڕاکێشانەوەی سەرمایەگوزاران و هاندانیان بۆ گواستنەوەی سەرمایەکانیان بۆ سەر پلاتفۆرمە مۆڵەتدراوە ناوخۆییەکان، لێخۆشبوونی باج و چاکسازیی یاسایی ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی قەیرانی کارەبا و بەربەستە یاساییەکانەوە، پیشەسازیی کانزاگەریی دراوی دیجیتاڵی (Crypto Mining) تا ڕادەیەکی زۆر وڵاتەکەی جێهێشتبوو.
وردەکاریی هەواڵەکە
تایبەتمەندییەکانی بڕیارە نوێیەکە:
لێخۆشبوونی باج بۆ ۳ ساڵ: وەبەرهێنەرە تایبەتەکان بۆ ماوەی سێ ساڵ لە باجی داهاتی کەسی لە مامەڵەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان دەبەخشرێن، بەمەرجێک سەرمایەکانیان پەیوەندیی بە ساختەکاری، سپیکردنەوەی پارە یان خزمەتگوزارییە بێمۆڵەتەکانەوە نەبێت.
چارەسەری قەیرانی کۆنی وزە: حکومەت ڕێگەی داوە گازە ئاوێتەکانی کێڵگە نەوتییەکان کە بۆ بەکارهێنانی دەوڵەت پێویست نین، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای تایبەت بە کێڵگەکانی ماینینگ(بەرهەمهێنانی دراوی دیجیتاڵی) بەکاربهێنرێن، تا گوشار لەسەر تۆڕی سەرەکیی کارەبای نیشتمانی نەمێنێت.
پاشخانی قەیرانەکە و خاڵی وەرچەرخان:
ساڵی ۲۰۲۱ دوای ئەوەی چین ماینینگی بیتکۆینی قەدەغە کرد، قازاخستان بووە دووەم گەورەترین ناوەندی ماینینگ لە جیهاندا، بەڵام ئەمەش گوشارێکی زۆری خستە سەر تۆڕی کارەبای وڵاتەکە و لە ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱دا بووە هۆی کوژانەوەی سێ وێستگەی کارەبا.
ڕێکارە توندەکانی پێشتری دەوڵەت بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری چالاکییەکان ببێته نهێنی یان بچنە دەرەوەی وڵات.
ئاماری کێشەی بێمۆڵەتەکان: لە کاتێکدا تەنها ۲۵۶ هزار کەس لە بۆرسە مۆڵەتدراوە ناوخۆییەکاندا تۆمار کرابوون، هاووڵاتییانی کازاخستان نێزیکەی ۱ ملیۆن جزدانی دیجیتاڵییان (Wallet) هەبووە.
کاردانەوەی پسپۆڕان و کۆمپانیاکان:
باینانس کازاخستان: بڕیارەکەی بە هۆکارێکی زۆر بەهێز ناوبرد بۆ دروستکردنی بڕوا لە بازاڕدا و ڕاکێشانی بەکارهێنەران بۆ سەر پلاتفۆرمە فەرمییەکان.
ئەنجومەنی فینتێک و دراوی دیجیتاڵی: ئاماژەیان بەوە کرد کە لێخۆشبوونی باج هەنگاوێکی باشە، بەڵام بە تەنیا بەس نیست؛ بەڵکو پێویستە ئاسانکاری لە مامەڵەی بانکی، ڕوونبوونی یاساکان و دەستگەیشتن بە ئاڵوگۆڕی دراوی ناوخۆیی مسۆگەر بكرێت تا وەبەرهێنەران بەتەواوی بگەڕێنەوە.

