باوەڕێکی کۆن هەیە گوایە لە کاتی هەڵامەتدا دەبێت بەردەوام لینجاوی لووت فڕێ بدرێتە دەرەوە، دەنا ڤایرۆسەکە دەگەڕێتەوە نێو لەش و نەخۆشییەکە توندتر دەبێت. بەڵام ئایا ئەمە لە ڕووی زانستییەوە ڕاستە؟
لینجاوی لووت تەنها بۆ دەرهاویشتن لە ڕێگەی فینکردنەوە بەرهەم نایەت. ئەو مووە زۆر وردانەی ڕووی ناوەوەی لووت و بۆرییەکانی هەناسەیان داپۆشیوە، بە شێوەیەکی بەردەوام لینجاوەکە بەرەو دواوەی قوڕگ پاڵ پێوە دەنێن. لە ئەنجامدا، تەنانەت لە کاتی تەندروستیشدا بەشێک لە لینجاوی لووت بێ ئەوەی پێی بزانین قووت دەدەین. ئەم پڕۆسەیە بە “پاککردنەوەی مووکۆسیلیاری ناسراوە ” و میکانیزمێکی سروشتیی پاراستنی کۆئەندامی هەناسەیە.
لە کاتی هەڵامەتدا دەردراوەکان زۆر دەبن و ڤایرۆسیان تێدا دەبێت. بەڵام لینجاوی قووتدراو دەچێتە نێو سورێنچک و کۆئەندامی هەرس و ترشەڵۆکی گەدە لەناوی دەبات، نەک ئەوەی لە گەدەوە بگەڕێتەوە بۆ لووت. تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو نەدۆزراوەتەوە پێشان بدات قووتدانی دەردراوەکانی لووت دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کۆئەندامی هەناسە.
تەنانەت پێداچوونەوەی ناوەندی “کاکرێن”یش پێشان دەدات شۆردنی لووت لە هەوکردنەکاندا هەرچەند نیشانەکان کەم دەکاتەوە، بەڵام ماوەی نەخۆشییەکە کورت ناکاتەوە. هاوکات لە توێژینەوەیەکی گۆڤاری Clinical Infectious Diseasesدا دەرکەوتووە فینکردنی زۆر توند دەتوانێت پەستانێکی زۆر لە نێو لووتدا دروست بکات و شلەکە بەرەو نێو گیرفانەکانی لووت (سیینۆسەکان) پاڵ پێوە بنێت و زیانبەخش بێت.
کەواتە ئەگەر تووشی هەڵامەت بوون و دەردراوەکانی لووتتان بەرەو قوڕگ چوون و قووتیانتان دا، نیگەرانی توندبوونەوەی نەخۆشییەکەتان مەبن. بەڵام ئەگەر لووت گیرابێت، فینکردنی نەرم یان بەکارهێنانی ئاوی خوێواوک تەنها بۆ هەستکردن بە ئاسوودەیی بەسوودە، نەک بۆ دەرکردنی ڤایرۆس لە لەشدا.

