مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی بەرنامەکان گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە؛ تێیدا لە بەخشینی پارە بۆ خەرجکردن دەپەڕینەوە بۆ تەرخانکردنی پارە لەبەرامبەر دەستکەوت و ئەنجامدا. ئەم بودجە نوێیە پارەی گشتی دەکاتە ئامرازێک بۆ پێوانی سوود و کاریگەرییەکان، نەک تەنیا ژمارەیەک لە خشتەی خەرجیدا.
مەزهەر محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، ئاماژەی بەوە کرد جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە داوا لە وەزارەت و دامەزراوەکان دەکات زانیاریی ورد لەسەر فەرمانبەران و خەرجییەکانیان پێشکەش بکەن، تا حکومەت تێچووی ڕاستەقینەی هەر پڕۆژەیەک بزانیت و بیبەستێتەوە بە ئامانجەکانەوە. ئیتر پارەدانی وەزارەتەکان بە خۆکارانە زیاد ناکرێت، بەڵکو بەپێی کاریگەریی پڕۆژەکان دەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و ئابووریی وڵات.
دەربارەی دابەشکردنی بودجەش ڕوونی کردەوە دابەشکردنی پارە بەسەر کەرتەکاندا بەپێی پێویستیی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە دەبێت، نەک بەپێی نەریتە داراییە کۆنەکان. بەمەش خەرجکردنی پارە دەبێتە بڕیارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام کەرت شایستەی پشتگیرییە و کام کەرت پێویستی بە پێداچوونەوەیە.
هەروەها جەختی کردەوە بەستنەوەی پارە بە ئەنجامەوە ناوۆکی چاکسازیی داراییە. ئەگەر پڕۆژەیەک ئەنجامی باشی نەبوو، ڕاستەوخۆ بودجەکەی ناپچڕێت، بەڵکو سەرەتا هۆکارەکەی دەستنیشان دەکرێت، لە کەمیی پارە، لاوازیی جێبەجێکردن، خراپیی بەڕێوەبردن، یان هەڵە لە پلاندا. بەپێی ئەنجامەکە بڕیار دەدرێت تەرخانکراوەکان ئاڕاستە بكرێنەوە، پڕۆژەکە لەگەڵ پڕۆژەی تردا تێکەڵ بكرێت، یان ئەگەر بێسوود بوو ڕابگیرێت.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا بەم شێوازە بودجە دەبێتە پرۆسەیەکی بەردەوام و زیندوو، نەک تەنیا داپۆشینی خەرجییەکان. ئەم هەنگاوەش وەرچەرخانێکە لە کلتوری بڕی خەرجکراوەوە بۆ کلتوری کوالیتی، و گۆڕینی بیرکردنەوەیە لەوەی خەرجکردن ئامانج بێت بۆ ئەوەی دەستکەوت بەهای سەرەکی بێت.

