وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوون بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان و توندکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی دەکات
رۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ٤ی ئایاری ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەڕێزان پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرانی گشتی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و پۆلیس و هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگە، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێکردنی دوو پرسی گرنگ کە تایبەت بوون بە پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان لەگەڵ توندترکردن و بەدواداچوونی زیاتری ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی لەسەر زەوی و موڵکی گشتی.
لە سەرەتای کۆبوونەوە، بەڕێز وەزیری ناوخۆ بۆ ئامادەبووانی روون کردەوە کە جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار مەسرور بارزانی بایەخی تایبەتی بۆ ئەم دوو پرسە هەیە و لە نزیکەوە ئاگاداری وردەکاری ڕێکارەکانە و بەدواداچوون دەکات و چاوەڕوانی ئەنجامی زیاترمان لێ دەکات. بەڕێزیان پوختەیەکی دەربارەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و ئاو و هەوا و ئاستەنگ و بەربەستەکان خستە روو. هەروەها هەڵوەستەی لەسەر پێویستی هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاکانی، وەکو بەرپرسیار لەبەرامبەر جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩، لەگەڵ دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و فەرمانگەکانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان خستەڕوو. فەرمانی کرد کە پێویستە ئاستی ئەو هەماهەنگییە بەرز بکرێتەوە و هەمووان وەکو یەک تیم لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە کار بکەن و بەدواداچوونی بەردەوام بکەن بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکان. دواتر لە بابەتی بەرەنگاربوونەوە و ڕێگری لە زێدەڕۆیی، هەوڵەکانی پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان و تیمەکانیان بەرز نرخێندرا کە لە ماوەی ڕابردوو کاری باش بۆ ڕێگری لە زێدەڕۆیی کراوە و ڕێکاری توند لەبەرامبەر سەرپێچیکار و زێدەڕۆکاران گیراوەتە بەر. بە تایبەت ئەزموونی لێژنەی تایبەتمەند لە پارێزگای هەولێر وەکو نمونە هێندرایەوە و بڕیار درا کە ئەزموونی ئەو لێژنەیەی هەولێر بگوازرێتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە دەسەڵاتی تەواوەوە کە چاوپۆشی لە هیچ کەسێک نەکرێت و ڕێکاری یاسایی توند لە بەرامبەر هەر کەسێک بگیرێتە بەر کە دوور لە یاسا و ڕێنماییەکان هەوڵی زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت دەدات.
نوێنەرانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ڕاپۆرتی کار و پڕۆژەکانی خۆیان خستە ڕوو، بە بایەخەوە باسیان لە گشتاندنی ژمارە ١١٢٥٥ی ڕێکەوتی ٢٣/٤/٢٠٢٦ی وەزارەتی ناوخۆ کرد کە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و پۆلیس و هاتوچۆ و بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاسپاردووە هەموو ڕێکارێکی تایبەت بگرنە بەر بۆ پاراستنی ژینگە و سزا بەسەر هەر کەسێک بسەپێنن کە سەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە دەکات و سروشتی کوردستان دەشێوێنێ. ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆیان بە سەرەتای گوڕ و تینێکی نوێ و گەورە بۆ پاراستنی ژینگە باس کرد.
دواتر پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان باسیان لە کار و پلانی سنووری خۆیان کرد کە لە ڕێی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە و دامەزراوەکانی سنووریان ئەنجامیانداوە. هەمووان ستایشی (پڕۆژەی رووناکی)ی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد کە سەرەڕای ئەوەی بۆتە هۆی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتیان، بە هۆیەوە هەزاران مۆلیدەی گەورە و بچووک کوژاونەتەوە کە ببوونە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی و پیسکردنی هەوا. کۆبوونەوە هەڵوەستەی لەسەر زۆری عەلاگەی پلاستیک، بوتڵی پلاستیک و شوشە، کە سەرچاوەی سەرەکی پیسبوونی ژینگەن و تەمەنی مانەوەیان لەناو سروشت درێژە، کرد و پێشنیار کرا کە لەگەڵ کۆمپانیاو کارگەکان کۆبوونەوە بکرێت بۆ دیراسەکردنی چارەسەر و دۆزینەوەی رێگاچارە وەکو بایەخدان و هاندانی بەکارهێنانی عەلاگەی کاغەز، توڕەگە و جۆڕکی دروستکراو لە قوماش و لۆکە بۆ بازاڕکردنی هاووڵاتیان کە تەمەنیان درێژە و ژینگەش پیس ناکەن، لەگەڵ هاندانی کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی کارتۆن لە جیاتی پلاستیک بۆ ئاوی کانزایی و شیر و بەرهەمەکانی دیکە و پەرەدان بە عەلاگەی کاغەز. لەمبارەیەوە ئەزموون و نمونەی سەرکەوتوو لە وڵاتانی دونیا خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
کۆبوونەوە هانی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان دەدات کە سەرمایەگوزاری بکەن لە بواری دووبارە بەکارهێنانەوەی پلاستیک و شوشە و وەرگرتنەوەی لە بەکارهێنەر، وەکو ئەوەی لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە، بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی پیس بوون و بڵاو بوونەوە رابگیرێن.
کۆبوونەوە بە بایەخەوە باسی لە هۆشیاری هاووڵاتیان بۆ تێگەیشتن لە گرنگی پاراستنی ژینگە و بە پاک و خاوێن راگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان کرد کە هەنگاوی یەکەمی خۆپارێزییە لە پیسبوون. رۆڵی هەموو دەزگاکانی حکومەت و مامۆستایانی ئایینی و پەروەردە و زانکۆکان و میدیاکان لە فراوانکردنی هۆشیاری ژینگەیی و هێنانە کایەوەی کولتوری نوێی ژینگەدۆستی و ژینگەپارێزی بەرز نرخاند کە دەبێتە هۆی گۆڕینی خو و کرداری خراپی پیسکردن و تێکدانی سروشت بۆ بوون بە تاکێکی هۆشیارو هاوڕێی ژینگە.
لە کۆتاییدا، جەنابی وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی تەواوی دایە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان کە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی پاراستنی ژینگە، یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە وەکو خۆی جێبەجێ بکەن و سزای توند بەسەر هەر کەس و لایەنێک بسەپێنن کە ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان دەشێوێنێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٤ی ئایاری ٢٠٢٦

