zagros news agency

ساندرا بولوک پەردە لەسەر قۆناغێکی تاریکی ژیانی لادەدات

ساندرا بولوک، ئەکتەری دیاری هۆلیوود، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ جێنیفەر ئانیستۆنی هاوڕێی، زانیاریی نوێی لەسەر قۆناغی دوای ئاشکرابوونی خیانەتی جێسی جیمسی هاوسەری پێشووی درکاند، کە ڕاستەوخۆ هاوکات بوو لەگەڵ پڕۆسەی گرتنەخۆی نهێنیی “لویس”ی کوڕی.

بولوکی تەمەن ٦٢ ساڵ، ئەو قۆناغەی ژیانی بە “سەردەمێکی تاریک” وەسف کرد کە لە ٢٠١٠ و ڕاستەوخۆ دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار بۆ فیلمی (The Blind Side) تووشی بوو. هاوکات لەگەڵ ئاشکرابوونی خیانەتی هاوسەرەکەی و هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیرییەکەیان، ناچار بووە ڕێکاری ئەمنی بەرز بگرێتە بەر بۆ پاراستنی کوڕە ساواکەی لە چاوی کامێراکان.

لە بەشێکی ئاخاوتنەکەیدا، بولوک ئاشکرای کرد، بۆ گواستنەوەی کوڕەکەی بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەی بەبێ ئەوەی وێنەگران هەستی پێ بکەن، منداڵەکەی لەناو جانتای تایبەت بە کەلوپەلی یاریی هۆکی شاردۆتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، پاراستنی ژیانی تایبەتی خێزانەکەی لەو سەردەمەدا پێویستی بە جێبەجێکردنی ڕێکاری هاوشێوەی “ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA)” هەبووە.

جێسی جیمس، کە لە ٢٠٠٥ لەگەڵ بولوک هاوسەرگیری کردبوو، لە چاوپێکەوتنێکی ڕابردووی لەگەڵ تۆڕی (ABC News) دانی بەوەدا نا کە ژیانێکی دووڕووانەی ژیاوە و بەهۆی خەڵەتاندنی دەوروبەرییەوە هاوسەرگیرییەکەی تووشی هەڵوەشاندنەوە بووە. پڕۆسەی جیابوونەوەیان لە نیسانی ٢٠١٠ دەستی پێکرد و لە هەمان ساڵدا بە فەرمی کۆتایی هات.

لە دوای ئەو قۆناغە، بولوک ڕووی لە ژیانێکی دوور لە میدیاکان کرد و لەگەڵ برایان ڕانداڵی وێنەگر درێژەی بە ژیان دا بۆ پەروەردەکردنی لویس و لایلاک بەیەکەوە، تا ئەو کاتەی ڕانداڵ لە ساڵی ٢٠٢٣ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

ئەم ئەکتەرە بەناوبانگە لە ئێستادا ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر شاشەی سینەما لە ڕێگەی بەشی دووەمی فیلمی (Practical Magic 2) لەگەڵ نیکۆڵ کیدمان، کە بڕیارە لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە سینەماکانی جیهان نمایش بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “The Beekeeper” لە سینەماکاندا

ART

ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی وزه‌ له‌رێگای زاگرۆسه‌وه‌ زانیاری له‌سه‌ر پرسی مووچه‌ و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان ئاشكرا ده‌كات

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبویەوە

سەڵاح