پارتی چاکسازی تورکمان بە گرنگییەوە پێشوازی لە بانگەواز و دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جدی و بەرپرسانە لەنێوان هێزە سیاسییەکان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسییەکان، کاراکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی فراوان لە هەرێمی کوردستان.
ئێمە لە پارتی چاکسازی تورکمان باوەڕمان وایە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کوردستان دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبی و سیاسییەکانەوە بێت، چونکە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، سەقامگیریی سیاسی و بەردەوامیی کارکردنی دامەزراوەکان بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و هاوبەشی سەرجەم هێز و پێکهاتەکانی کوردستانە.
لە هەمان کاتدا، جەخت لەوە دەکەینەوە کە بنەمای سەرەکیی سەرکەوتنی هەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنێکی سیاسی، بریتییە لە پێکەوەژیان، هاوبەشیی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە ماف و ئیرادەی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا، پێداگری لەسەر پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی پێکهاتەی تورکمان دەکەین، بە تایبەتی مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە و بەشداریی کاریگەریان لە دامەزراوەکانی حوکمڕانی و ناوەندەکانی بڕیاردان، هەروەها پاراستنی ئیرادەی ئازادی دەنگدەرانی تورکمان لە هەڵبژاردنی نوێنەرە ڕاستەقینەکانیان.
پارتی چاکسازی تورکمان پێی وایە کە هەر حکومەتێکی داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی، دادپەروەری، یەکسانی و ڕێزگرتن لە فرەڕەنگیی نەتەوەیی و ئایینیی کوردستان پێکبهێنرێت، بە جۆرێک کە هیچ پێکهاتەیەک هەست بە پەراوێزخستن نەکات.
هەروەها داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بە ڕۆحی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە وەڵامی بانگەوازی سەرۆک مەسعود بارزانی بدەنەوە و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بکەنە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان، بەدوور لە ملمێنێ و ناکۆکییەکانی ڕابردوو.
لە کۆتاییدا، پارتی چاکسازی تورکمان پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕیوە و جەخت دەکاتەوە کە هێز و سەقامگیریی کوردستان لە یەکڕیزیی هەموو پێکهاتەکانی، پاراستنی مافەکان و بەهێزکردنی دامەزراوە دەستوورییەکانیدایە.

