کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی پەیکەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەهێزکردنی ئامادەیی دیپلۆماسیی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی زاگرۆس، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند لە سەرەتای کارەکانی ئەم کابینەیەوە بڕیار لەسەر فراوانکردنی پەیکەری فەرمانگەکە و ڕێکخستنەوەی کارەکانی دراوە، کە لەو چوارچێوەیەدا چەندین بەڕێوەبەرایەتیی پسپۆڕ بۆ ناوچە جیاوازەکانی جیهان لەوانە ئەوروپا، ئەمریکا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا کراونەتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان و کردنەوەی نوێنەرایەتیی نوێی هەرێم لە وڵاتان، دزەیی ئاماژەی بەوە کرد کە پلانی فراوانکردنی نوێنەرایەتییەکان هەبووە، بەڵام سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و ئاڵۆزییە داراییەکان بوونە هۆی دواخستنی پرۆسەکە، چونکە حکوومەت نەیویستووە بەهۆی کەمیی ستاف یان بودجەوە نوێنەرایەتیی کاتی بکاتەوە کە دواتر ڕووبەڕووی داخران ببنەوە. سەبارەت بە کونسوڵگەرییە بیانییەکانیش لە هەرێم، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاشکرای کرد کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا وڵاتانی قەتەر و ئەرمەنستان کۆنسوڵگەرییان لە هەرێم کردووەتەوە و لە ئێستاشدا سێ وڵاتی دیکە خواستی خۆیان بۆ دەستپێکردنی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەردەوامیی داواکاریی وڵاتان بۆ دروستکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەرێمدا.
جەختیشی کردەوە کە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی لە وڵاتان زیاد بکات.

