ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/9/10، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز هەیبەت ئەلحەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری کرد کە ژماره‌یه‌ک له سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بوون و بۆ پێشکەشکردنی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید ئیبراهیم شێخ عەبدولسەلام بارزانی، سه‌ردانی هه‌ولێریان کردووه.
لە دیدارێکدا، به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ سه‌ردان و هاوخه‌مییان ده‌ربڕی، دواتر بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پوخته‌يه‌كى دەربارەی سەردانی فەرمیی خۆی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە خستە ڕوو. لەمبارەیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ تورکیادا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە.
دەربارەی دۆخی ناوخۆی وڵاتیش، هەردوولا هاوڕا بوون کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان پێكه‌وه بەستراونەتەوه. هاوکات لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ به‌ڕێز سه‌رۆکوه‌زیران و حکوومه‌تی فیدراڵ و چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتنەوە دووپات کردەوە، بە جۆرێک مسۆگەری ئه‌وه بکات کە چەک تەنیا بە دەست دەوڵەتەوە بێت.
گرنگیی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی هه‌ولێر – به‌غدا به‌پێی ده‌ستوور، مسۆگه‌رکردنی ماف و شایسته‌کانی هه‌موو پێکهاته‌کان و پرسی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانیان چه‌ند ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که بوون. تیایدا جەخت لە گرنگیی تەبایی و هەماهەنگیی سەرجەم لایەن و پێکهاتە عێراقییەکان کرایه‌وه بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێپه‌ڕاندنی ئاڵنگارییەکان.

