zagros news agency

ناتانیاهۆ: ژێرخانی ستراتیژیی حزبوڵڵامان لە بەرزاییەکانی “عەلی تاهیر” خاپوور کرد

 

سوپای ئیسرائیل لەناوبردنی ژێرخانێکی گەورەی ژێرزەویی سەر بە حزبوڵڵای لە بەرزاییەکانی “عەلی تاهیر” لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند؛ هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ئاشکرای کرد کە خولی داهاتووی وتووێژەکانی نێوان هەردوو لایەن بەم زووانە لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزەکانی سوپا ژێرخانێکی ژێرزەویی حزبوڵڵایان لە بەرزاییەکانی عەلی تاهیر خاپوور کردووە. لەو بارەیەوە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا کە تەواوی ئەو چەکدارانەی لەناو ئەو دامەزراوەیەدا مابوونەوە یان هەوڵی هەڵاتنیان دابوو کوژراون، و سوپا بەتەواوی کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنیی ناوچەکەی لە سەرووی زەوی و ژێر زەویدا مسۆگەر کردووە.

بەپێی بەیاننامەی سوپای ئیسرائیل، هێزەکانی فیرقەی 36 دوای ئامادەکارییەکی چڕوپڕ، تۆڕە ژێرزەوییەکانیان لەو ناوچەیە تەقاندووەتەوە کە درێژییەکەیان زیاتر لە دوو کیلۆمەتر بووە، ئەمەش بە ئامانجی پووچەڵکردنەوەی توانای حزبوڵڵا بۆ داڕشتنی پلان و ئەنجامدانی هێرش لەو بنکەیەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕوونیشی کردەوە کە لەناو تونێلەکاندا دەست بەسەر دەیان مووشەک، قەزیفە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، چەکی قورس و دۆشکە، مووشەکی دژەزرێ و سەدان مین و بۆمبی چێندراودا گیراوە. هەروەها کۆمەڵگەیەکی فەرماندەیی ناوەندی سەر بە یەکەی “بەدر”ی حزبوڵڵا دۆزراوەتەوە کە ژووری کۆنترۆڵ و سەرپەرشتی، کۆگای چەک و شوێنی مانەوەی چەکدارانی لەخۆگرتووە؛ ئیسرائیل دەڵێت ئەو ژێرخانە ستراتیژییە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە پارە و پلانی ئێران دروست کرابوو.

جموجۆڵە دیپلۆماسییەکان و گفتوگۆکانی ڕۆما

هاوتەریب لەگەڵ ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەردوو لایەن کردەوە. وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پێگەی “سکای نیوز عەرەبی” ڕایگەیاند کە خولی داهاتووی وتووێژەکان لە ڕۆما بەپێی ئەو ڕێکخستنانە بەڕێوەدەچێت کە پێش چەند هەفتەیەک دیاری کراون، هاوکات ڕاوێژکارییە دیپلۆماسییەکان لە نێوان بەیرووت، قودس و واشنتن ڕۆژانە بەردەوامن.

وتەبێژە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن لە نزیکەوە چاودێریی داواکارییەکانی دانیشتووانی باشووری لوبنان دەکات کە داوا لە حکوومەتەکەیان دەکەن سەروەریی خۆی بسەپێنێت و ڕێگری لە حزبوڵڵا بکات چەک لەناو ناوچەکانیاندا هەڵبگرێت یان بتەقێنێت، جەختیشی لە پشتیوانیی ئەمریکا کردەوە بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی لوبنان لە وەڵامدانەوەی ئەو داواکارییانەدا.

بەرپرسەکەی واشنتن لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد: “چەکەکانی حزبوڵڵا تەنیا ماڵوێرانی و وێرانییان بۆ لوبنان بەرهەمهێناوە و ئەو حزبە تا ئێستاش ڕێگرە لە بەردەم ئاشتیدا”. هەروەها داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد کە پلانێک بۆ چەکداماڵین لە سەرتاسەری وڵاتەکە دابنێت وەک لە “چوارچێوەی سێقۆڵی”دا هاتووە، و جەختی کردەوە کە ئەو چوارچێوەیە تاکە نەخشەڕێگەیە بەرەو ئاشتی.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكایه‌تی هەرێمی كوردستان: هه‌رێم بۆ هەمیشە وەك نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایەتی دەمێنێتەوە

سەڵاح

محەمەد جەواد زەریف: دوژمنان تەقەمانیان بۆ ناوەندە ئەتۆمیەکانمان ناردبوو

سەڵاح

دوای زیاتر لە مانگێک تەرمی هاوسەری وەزیرێکی ئیتاڵیا دۆزرایەوە

یاسین