چالاكێكی سیاسی ئاماژه بهوه دهكات كه شۆڕشی ئەیلوول بە ڕێبەریی جەنەڕاڵ مەلا مصطفى بارزانیی نەمر، تەنها ڕاپەڕینێکی چەکداری ئاسایی نەبوو، بەڵکو پێویستییەکی حەتمی و زەروورەتێکی مێژوویی بوو بۆ پاراستنی ناسنامە، خاک و شەرەفی نەتەوەیەک. لەژێر سەرکردایەتی حەکیمانەی بارزانیی نەمردا، ئامانجی سەرەکیی ئەم شۆڕشە ببووە ڕزگارکردنی نیشتمان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.
چەند خاڵێک کە شۆڕشی ئەیلوول لە شۆڕشەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە:
سامیه شێروانی بۆ زاگرۆس، گوتی: ” بە پێچەوانەی زۆربەی بزوتنەوەکانی پێشتر کە زیاتر ناوچەیی یان خێڵەکی بوون، شۆڕشی ئەیلوول بە ڕێنمایی بارزانیی نەمر سنووری ناوچەگەرێتی بەزاند و تەواوی جوغرافیای کوردستانی گرتەوە. کۆکەرەوەی تەواوی چین و توێژەکان: بووە دەرگایەکی زۆر مەزن بۆ کۆبوونەوەی سەرجەم تاكەکانی کۆمەڵگە؛ لە گوندنشین، شارنشین، ڕووناکبیر، خێزان، ئافرەتان و لاوان. هەمووان لە ژێر یەک ئاڵا و بۆ یەک ئامانجی نیشتمانی خەباتیان دەکرد.
گوتیشی: ” لە سایەی دیدگای نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەی سەرکردایەتی شۆڕش، برا مەسیحی، ئێزدی و پێکهاتەکانی تری کوردستان لە تەنیشت برا کوردەکانیان چەکی بەرگرییان هەڵگرتبوو.و لە ناوچە ڕزگارکراوەکاندا سیستەمێکی ڕێکوپێکی کارگێڕی، پەروەردەیی و دادوەری دامەزرا، کە وەک دەوڵەتێکی بچووککراوە بەڕێوە دەبرا.شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی بارزانیی نەمر، ڕوحیەتی یەکێتیی نەتەوەیی لە دڵی تاکی کورددا چاند و سەلماندی کە گەلی کوردستان کاتێک دەست لەناو دەست و یەکدەنگ بێت، دەتوانێت مێژوو بنووسێتەوە.سڵاو لە گیانی پاکی ڕابەری نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر، و تەواوی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.

