توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، رەنگە خۆر لە قۆناخی سەرەتایی تەمەنیدا هەسارەیەکی زەبەلاحی قوت دابێت و پێدەچێت بەڵگەی ئەو رووداوە گەردوونییە تا ئێستا لە قووڵایی ئەستێرەکەدا مابێتەوە.
هەسارەکانی زەوی زەبەلاح لە سیستەمە ئەستێرییەکانی دیکەدا بەرفراوانن؛ ئەم هەسارە بەردینانە بارستاییان لە زەوی زیاترە، بەڵام لە هەسارە گازییەکانی کۆمەڵەی خۆر وەک نیپتۆن و ئۆرانووس کەمترە. رەنگە دۆزینەوە نوێیەکە روون بکاتەوە بۆچی لە کۆمەڵەی خۆرماندا هیچ جیهانێکی لەم شێوەیە بوونی نییە.
موتلو یڵدز، لێکۆڵەر لە زانکۆی ئیجەی تورکیا رایگەیاند “توێژینەوەکەمان ئاماژە بەوە دەکات کە هەسارەیەک بە بارستایی چەند هێندەی زەوی کەوتووەتە ناو خۆری گەنج و شوێنەوارێکی کیمیایی هەمیشەیی لە قووڵاییەکەیدا بەجێهێشتووە”.
زانایان پێیان وایە ئەم قوتدانە دەکرێت جیاوازییەکانی نێوان پێکهاتەی ئێستای خۆر و پێشبینییەکانی مۆدێلی گەشەی ئەستێرەکان روون بکاتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی گواستنەوەی گەرمی، پێکهاتەی خێرایی دەنگ لە ژێرەوەی خۆر و هۆکاری کەمی توخمی لیسیۆم لە رووی ئەستێرەکەدا.
ئەستێرە گەنجەکان لە قۆناخی سەرەتایی تەمەنیاندا بە هەورێکی پان و بەرفراوانی گاز و تۆز دەورە دراون کە پێی دەگوترێت دیسکی سەرەتایی هەسارەیی، کە تێیدا بڕێکی زۆر لە ماددە لە نێوان دیسکەکە و ئەستێرەکەدا دەجوڵێت. یڵدز گوتی: “لەبەر ئەوەی هەسارەکان لە ماددەیەک دروست بوون کە لە رووی کیمیاییەوە لەو گازەی ناو دیسکەکە جیاوازە، لێکۆڵینەوەمان کرد کە ئایا قوتدانی پێشوەختەی هەسارەیەک شوێنەواری کیمیایی لەناو خۆردا بەجێهێشتووە یان نا”.
تیمەکە بە بەکارهێنانی نەرمەکاڵای پێشکەوتوو گریمانەکەی خۆیان تاقی کردەوە و بۆیان دەرکەوت کە باشترین روونکردنەوە بۆ تایبەتمەندییەکانی ئێستای خۆر، قوتدانی هەسارەیەکە کە بارستاییەکەی لە نێوان 5 بۆ 10 هێندەی بارستایی زەوی بێت.
پرۆفیسۆر یڵدز رایگەیاند: “پێمان وابوو قوتدانی هەسارەکان رەنگە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی خۆر هەبێت، بەڵام پێشبینیمان نەدەکرد ژمێریارییەکان بەم وردییە لەسەر ئاستێکی دیاریکراوی بارستایی کۆببنەوە”.
توێژینەوەکە پشتیوانی لە لێکۆڵینەوە پێشووەکان دەکات کە ئاماژە بەوە دەکەن یەک یان زیاتر لە هەسارەکانی زەوی زەبەلاح رەنگە لە نزیک خولگەی عەتارد دروست بووبن و دواتر کۆچیان کردبێت پێش ئەوەی بەر خۆر بکەون، هەرچەندە لێکۆڵینەوە نوێیەکە ئەگەری روونکردنەوەی دیکەش بۆ ئەم ناکۆکییانە بەدوور نازانێت.
ئێستا بیرۆکەکە پشت بە مۆدێلکردنی کۆمپیوتەری و تایبەتمەندییە روونکردنەوەنەهاتووەکانی خۆر دەبەستێت، بەڵام زانایان پێیان وایە شوێنەواری پێکهاتەیی و کیمیایی ئەم قوتدانە رەنگە هێشتا لەناو خۆردا هەبێت و بتوانرێت دەستنیشان بکرێت.
یڵدز گوتی: “هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە بزانین ئایا دەکرێت ئەو شوێنەوارانە بە سەربەخۆیی دەستنیشان بکرێن یان نا”.

