لە چوارچێوەی پڕۆژەی سینەما و جەماوەر، لە وەرزی پاییزدا و لەم چوارشەممەیەدا بەڵگەفیلمێک بە ناوی “سەرخەت و بنخەت” لە دەرهێنانی محەممەد حاجی قادر، لە هەولێر نمایش دەکات.
ئەم پڕۆژەیە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە و ئامانج لە نمایشکردنی ئەم فیلمە ڕەخساندنی دەرفەتێکە بۆ بینەران کە فیلمە کوردییەکان ببینن، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە پاڵپشتی پارێزگاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.
فیلمەکە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 16ی ئەیلوولی 2026 لە کاتژمێر 6ی ئێوارە لە فامیلی مۆڵ، ئیمپایەر سینەما، هۆڵی ژمارە 12 بەڕێوەدەچێت و بینینی فیلمەکە بێ بەرامبەرە.

