zagros news agency

کۆچ و کۆچبەران: ۱,۲۰۰ عێراقی پاش داخرانی هۆل لە سووریا ماونەتەوە

 

کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کرد کە ۱,۲۰۰ هاووڵاتیی عێراقی پاش داخرانی کەمپی هۆل لە ناو خاکی سووریادا ماونەتەوە و گەڕانەوەیان ڕەتکردووەتەوە، کە ئەگەری هەیە بەشێکیان دۆسیەی تیرۆریان لەسەر بێت.

کەمپی هۆل کە لە باکووری شاری حەسەکەیه و لە دووری ۱۳ کیڵۆمەتر لە سنووری عێراقە.

کەمپەکە زیاتر لە ٦۰ هەزار کەسی لە ڕەگەزنامە جیاوازەکان تێدا بوو، کە زیاتر لە ۲۲ هەزار کەسیان عێراقی بوون و زۆربەیان لە ژنان و گەنجان پێکهاتبوون.

تا ئێستا ۲۱,٥٤۰ هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپەکەوە گەڕێنراونەتەوە.

زیاتر لە ۱٥ هەزار کەس لە گەڕاوەکان، پاش تێپەڕاندنی شیاندنەوەی دەروونی لە سەنتەری «ئەمەل»، گەڕێنراونەتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و هاوبەشیی دەوروبەریان کردووەتەوە، بێ ئەوەی هیچ پێشێلکارییەکی ئاسایشی لە ناوچەکانیان تۆمار بکرێت.

ئێستاش زیاتر لە ٤ هەزار کەسی تر لە سەنتەری ئەمەل لەژێر پرۆسەی شیاندنەوەی دەروونیدان بۆ ئەوەی ئامادە بکرێن بۆ گەڕانەوە.

۱,۲۰۰ عێراقی گەڕانەوەیان ڕەتکردووەتەوە و لە سووریا ماونەتەوە؛ بەوتەی بەرپرسانی عێراق ئەگەری هەیە تێوەگلانیان لە دۆسیەی تیرۆردا هەبێت.

حکومەتی عێراق لە ۲٤ی نیسانی ڕابردوودا بڕیاری دا دۆسیەی وەرگرتنەوەی خێزانە عێراقییەکانی پەیوەندیدار بە داعشی لە کەمپی هۆل بە تەواوی دابخات.

  1.  حکومەتی سووریا لە ۲۲ی شوباتی ۲۰۲٦ چۆڵکردنی تەواوەتی و داخرانی کەمپەکەی ڕاگەیاند، پاش ئەوەی بڕیار درا کەسە ماوەکان بۆ کەمپەکانی گوندەواری حەلەب لە باکووری سووریا بگوازرێنەوە.

پرۆسەی گەڕاندنەوەی خێزانەکان لە ساڵی ۲۰۲۱ەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستی پێکرد و لە سەنتەری جەدعە وەردەگیران.

دوا کۆمەڵەی گەڕاوە لە ۲۹ی کانونی یەکەمی ۲۰۲٥ بوو کە ٨۳٤ کەس بوون.

پێشتریش لە نیسانی ۲۰۲٥دا ۲٤۱ خێزان (٨٦٥ کەس)، لە حوزەیراندا کۆمەڵەی هەرە گەورە که پێکهاتبوو له ۲۳٦ خێزان (۹۳٥ کەس)، لە تەموزدا ۲۳۳ خێزان (٨۱۲ کەس)، لە ئابدا ۲۳۲ خێزان (٨٥۰ کەس) و لە تشرینی دووەمی ۲۰۲٥دا ۲٤۰ خێزان (٨٥٨ کەس) گەڕێنرابوونەوە عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری دەرەوەی ئێران: دانووستان لە گەڵ ئەورووپا بە پێویست نازانین

یاسین

وەزارەتی بازرگانی: ١٣ چین و توێژ بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە دەیانگرێتەوە

سەڵاح

ئیمارات لە ئۆپێک کشایەوە

یاسین