کێشە و ئالنگارییەکان بۆ گەشتی هونەریی گۆرانیبێژی بەریتانی ئید شیرەن زیاتر دەبن، دوای ئەوەی چەندین هونەرمەند بڕیاری کشانەوەیان دا لە بەشداری کردن لە کۆنسێرتەکانیدا.
ئەم ڕووداوە دوای ئەوە هات، ڕاپەری ئەمریکی ماکلمۆر لە لیستەکە دەرکرا بەهۆی دەربڕینی هەڵوێستی هاوسۆزی بۆ فەلەستینییەکان لە سەرەتای مانگی ئەیلوول. ماکلمۆر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بڕیارەکە دوای ئەوە هات چەند یاریگەیەکی ئەمریکی ڕەتیانکردەوە میوانداری بکەن.
لای خۆیەوە ئید شیرەن ڕایگەیاند، دوورخستنەوەی ماکلمۆر بڕیارێکی کەسی ئەوە نەبووە، بەڵکو لەلایەن ڕێکخەرانەوە دراوە.
شیرەن جەختی کردەوە، ڕێز لە مافی دەربڕینی ڕا دەگرێت، بەڵام لەو بڕوایەدایە باشترە کۆنسێرتەکانی نەبنە مینبەر بۆ وتاری سیاسی.
دوای ئەم بڕیارە، هونەرمەندانی وەک فینیاس و ئارۆن ڕوو و گرووپی لوکاس گراهام کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند بە مەبەستی هاوپشتی.
هەروەها ماکلمۆر بڕیاریدا بڕی 1 ملیۆن دۆلار لە قازانجی گەشتەکەی ببەخشێتە ڕێکخراوە مرۆییەکان.

