ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە ماکسیم ڕوبین، كونسڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر كرد، بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لە هەرێمی كوردستان.
لە دیدارەكەدا، كونسڵی گشتیی ڕووسیا ئاماژەی بەوە كرد كە سەردانەكەی بە مەبەستی ماڵئاواییە و لە شوێنی ئەو كونسڵێكی نوێ لەلایەن مۆسكۆوە دەستنیشانكراوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەستبەكار دەبێت. ڕوبین سوپاسی پارێزگار و ئیدارەی هەولێری كرد بۆ ئەو هاوكاری و ئاسانكارییانەی لە ماوەی كاركردنیدا پێشكەشیان كردووە و ڕایگەیاند: “گەلی كورد بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، جێگەی تایبەتییان لە دڵمدا هەیە.”
لای خۆیەوە، ئومێد خۆشناو دەستخۆشی لە ماكسیم ڕوبین كرد و ڕۆڵی ناوبراو و كونسڵخانەی ڕووسیای لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بەرز نرخاند. هاوكات هیوای سەركەوتنی لە ئەركی داهاتوویدا بۆ خواست و ئومێدی دەربڕی هەمان هەماهەنگی و دۆستایەتی لەگەڵ كونسڵی نوێدا بەردەوام بێت لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پتەویی پەیوەندییە مێژوویی و دیپلۆماسییەكان كردەوە و بە گرنگییەوە باسیان لە بەردەوامیی هاوكارییە هاوبەشەكان لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی و كهلتووریدا كرد.







