ئیمانوێل مەکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی سێپتێمبەر (٢٥ی خەرمانان) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس جەختی لە پێویستیی کردنەوەی گەرووی هورمز کردەوە و هاوکات ڕوونی کردەوە پاریس لە هەوڵدایە پشتبەستن بە گواستنەوەی وزە لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەوە کەم بکاتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بە وتووێژەکانی خۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودی و ئەمیری قەتەر کرد و گوتی: «ئەولەوییەتی ئەم وتووێژانە بریتییە لە گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، پاراستنی ژێرخانی وزەی وڵاتانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی بەرهەمهێنانی نەوت».
مەکرۆن گوتیشی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی نەوت و لە ئەنجامدا لەسەر تێچووی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییانی فەڕەنسی دادەنێت.
سەرۆککۆماری فەڕەنسا ڕوونی کردەوە پاریس لەگەڵ هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانیی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز هاوکاری دەکات، هاوکات هەوڵی پەرەپێدانی ڕێگە بەدیلەکان بۆ گواستنەوەی نەوت دەدات تا پشتبەستن بەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە کەم بکرێتەوە.
ناوبراو نووسی: «ڕێگەی زیاتر بۆ نەوت واتا پشتبەستنی کەمتر، پشتبەستنی کەمتر واتا ئاسایشی زیاتر و ئاسایشی زیاتریش واتا گوشاری کەمتر لەسەر نرخەکان».

