ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، ئیسکەندەر وەتووت، جەختی کردەوە لەوەی پڕۆژەیاسای هەموارکراوی حەشدی شەعبی لە ئایندەیەکی نێزیکدا دەگاتە پەرلەمان بە مەبەستی پەسەندکردنی، دوای ئەوەی گۆڕانکاریی تێدا کراوە.
وەتووت لە لێدوانێکدا بۆ «شەفەق نیوز» ئاماژەی بەوە کرد کە لێژنەی
چاوەڕوانی گەیشتنی پڕۆژەیاساکەیە تا بیکاتە خشتەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە.
ڕاشیگەیاند کە لە کۆبوونەوەی مانگی ڕابردووی لێژنەکە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت، عەلی زەیدی، داوای ڕوانەکردنی یاسای حەشدی شەعبییان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دەنگدان لەسەری کردووە، و زەیدی بەڵێنی داوە لە کاتێکی نێزیکدا ڕەوانەی پەرلەمانی بکات.
سەبارەت بە هەموارەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە دەستکارییەکان سەرجەم بڕگەکانی یاساکەی گرتووەتەوە تا پڕۆژەیاسایەک هاوشێوەی وەزارەتی بەرگری بێتە ئاراوە، چونکە تایبەتە بە دامەزراوەیەکی ئەمنیی تەواوکار.
سەبارەت بە پلەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و بەرانبەرکردنی لەگەڵ وەزیر یان بریکاری وەزیردا، وەتووت گوتی لە دەقەکەدا ئاماژەی پێنەکراوە؛ بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە تەباوییەکی سیاسی هەیە بۆ گۆڕینی سیفەتی سەرۆکی دەستەکە بۆ پلەیەک هاوشێوەی «وەزیری بێ وەزارەت»، لەگەڵ هێشتنەوەی ناوی فەرمیی دەستەی حەشدی شەعبی بەبێ گۆڕانکاری.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە پڕۆژەیاسای پەیکەربەندیی دەستەی حەشدی شەعبی و یاسای خزمەت و خانەنشینی لە دوای لابردنی چەند بڕگەیەکی جێی ناکۆکی کە «ڤیتۆی ئەمریکی»یان لەسەر بووە، دەدرێنە پەرلەمان. (لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲٥دا «کۆمپانیای ئەلمووهەندیس»ی خستبووە لیستەکەی خۆیەوە).
سەبارەت بە ناوەندە فێرکارییە سەربازییەکانی سەر بە دەستەکە و مەرجەکانی وەرگرتن، ڕوونکراوەتەوە کە ڕەوانەی لایەنە ئیداری و یاساییە فەرمییەکانی ناوخۆی دەستەکە دەکرێن.
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدان کە عەلی زەیدی لەم دواییانەدا جەختی لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی «شۆڕشی یاساکان» کردووەتەوە، لەوانەش یاسای حەشدی شەعبی، بە مەبەستی گونجاندنی سیستەمی یاسادانان لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی داهاتوودا.

