بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاو لە سەرتاسەری هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە 90%، هاوکات ژمارەی گشتیی هاوبەشانی ئاویش زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار هاوبەشی تێپەڕاندووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە سەرەتای ساڵی 2021دا ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاو تەنیا 50% بووە، بەڵام لە ماوەیەکی پێوانەییدا و دوای زنجیرەیەک پلانڕێژی و بەدواداچوونی مەیدانی، توانراوە ئەو ڕێژەیە بۆ 90% بەرز بکرێتەوە.
هاوکات لەگەڵ پرۆسەی بەستنی پێوەرەکاندا، هەڵمەتێکی فراوان بۆ تۆمارکردن و ڕێکخستنەوەی هاوبەشان جێبەجێ کراوە؛ بەو هۆیەوە ژمارەی بەشداربووان لە 850 هەزار هاوبەشەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار هاوبەش بەرز بووەتەوە، کە سەرجەم کەرتەکانی ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی و فەرمانگە حکوومییەکان دەگرێتەوە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانج لەم هەنگاوە “بنبڕکردنی بەفیڕۆدانی سامانی ئاو، بەرقەرارکردنی دادپەروەری لە نێوان هاووڵاتییان و بەسیستەمکردنی کۆکردنەوەی کرێی ئاوە”. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە نەبوونی پێوەر لە ڕابردوودا بارگرانییەکی زۆری لەسەر کەرتی بەرهەمهێنانی ئاو دروست کردبوو، بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی بەکارهێنەران خراونەتە ژێر چەتری سیستەمێکی ڕێکخراو و یاساییەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئەم پڕۆژەیە وەک “نەخشەڕێگەیەکی سەردەمییانە” دەبینێت بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنی بڕی ئاوی بەرهەمهاتوو، چەسپاندنی لێپرسینەوەی دادپەروەرانەی دارایی و پاراستنی سامانی نیشتمانیی ئاو بۆ نەوەکانی داهاتوو.

