توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری “پلۆس پاتۆجینێسیس” بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات ڤایرۆسی هەرسپیس سیمپلێکس جۆری ١ (HSV-1)، کە لای ئێمە بە تامیسک یان تێمیسکە ناسراوە، دەتوانێت کارکردی خانەکانی بەرگریی مێشک ناسراو بە مایکرۆگلیا بگۆڕێت. ئەم گۆڕانکارییە توانای ئەو خانانە بۆ پاککردنەوەی ماددە زیانبەخشەکان کەمدەکاتەوە و زەمینە بۆ هەوکردنی دەماری دەڕەخسێنێت، کە ڕەنگە ڕۆڵی لە نەخۆشیی ئەلزایمەر و تێکچوونی توانای ناسیندا هەبێت.
ڤایرۆسی HSV-1، کە ملیارەها کەس لە جیهاندا تووشی بوون، پێشتر پەیوەندی بە نەخۆشیی ئەلزایمەرەوە دۆزراوەتەوە و تەنانەت ڕەنگە مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی دوو هێندە زیاد بکات. کریستی نیمایر، زانای دەمارناسی لە زانکۆی کۆلۆرادۆ ئەنشوتس، گوتی: “کاتێک ڤایرۆسی هەرسپیس سیمپلێکس جۆری ١ دەچێتە نێو مێشکەوە، ئەم خانانە دەچنە دۆخێکی بەرگریی کتوپڕەوە. هەرچەندە ئەم دۆخە یارمەتیی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە دەدات، بەڵام ڕەنگە توانایان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ڕۆژانەییەکانیان تێکبدات، تەنانەت دوای ئەوەی ڤایرۆسەکەش نامێنێت.”
مایکرۆگلیا خانەی بەرگریی تایبەتمەندن کە بە بەردەوامی چاودێریی باری مێشک دەکەن و یارمەتیی پاراستنی تەندروستیی مێشک دەدەن، بەڵام بەپێی توێژینەوەکە، بوونی ڤایرۆسی زیپکەی گەرمی توانای ئەم خانانە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە پاراستنی مێشکدا دەخاتە مەترسییەوە.
توێژەران لە تاقیکردنەوەکانیاندا، مشکیان تووشی ڤایرۆسی HSV-1 کرد و دوای شەش ڕۆژ، مێشکیان پشکنی. دەرئەنجامەکان نیشانیاندا کە ڤایرۆسەکە لە خاڵگەلێکی دیاریکراودا لە قەدی مێشکدا سنووردار بووە و نیشانەکانی چالاکبوونی مایکرۆگلیا لەو ناوچانەی مێشکدا کە ڤایرۆسەکە لێی بوو، بەرزتر بوو. نیمایر ڕوونیکردەوە: “ئەوەی ئەم دۆزینەوانە سەرنجڕاکێشتر دەکات ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە تەنها نابێتە هۆی هەوکردن، بەڵکو بەرنامە گەردیلەییەکانی کۆنترۆڵکردنی کارکردی ئەم خانە بەرگرییانە دەگۆڕێت. ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم گۆڕانکارییانە دوای تووشبوونیش دەمێننەوە یان نا.”

