zagros news agency

حکومەتی هەرێمی کوردستان دوایین دەرفەت دەدات بە هاوبەشان بۆ دانەوەی قەرزی پێش ڕووناکی بەر لە جێبەجێکردنی قیستی پابەندکراو

 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەوەی کە دەرفەتێکی دیکە بۆ دوایین جار بدرێتە هاوبەشانی کارەبا بۆ ئەوەی سوودمەندبن لە داشکاندن لەسەر قەرزی پێش ڕووناکی بە ڕێژەی تاوەکوو 50٪. ئەم پڕۆسەیە لە 24ی مانگی 9 بۆ 18ى مانگی 10 بەردەوام دەبێت. ئەگەر ئەو هاوبەشانەی قەرزی پێش ڕووناکییان هەیە قەرزەکانیان نەدەنەوە لەو ماوەیەدا، ئەوا ڕاستەوخۆ قەرزەکانییان دەخرێنە سەر قیستی مانگانە بەبێ هیچ داشکاندنێک بە گەڕانەوە بۆ ڕاگەیەندراوی پڕۆژەی ڕووناکی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە.

لە دەرئەنجامی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هاوبەشان دەتوانن سوود لەم دەرفەتە ناوازەیە وەربگرن و بڕیاربدەن لەسەر شێوازی پارەدانی قەرزی پێش ڕووناکی.

  • دانەوەی قەرزی پێش ڕووناکی و سوودوەرگرتن لە داشکاندن بە ڕێژەی تاوەکوو 50٪ لەنێوان ڕێکەوتی 24ی مانگی 9 بۆ 18ى مانگی 10.
  • دانەوەی تەواوی قەرزی پێش ڕووناکی بەبێ داشکان لەدوای ڕێكه‌وتى 18ی مانگی 10 بە شێوازی قیستی مانگانە کە مەودای 6-24 مانگ بە لەبەرچاوگرتنی کەمترین بڕی پارەدان

لەدوای 18ی مانگی 10، هەر قەرزێکی پێش ڕووناکی بەشێوەیەکی خۆکارانە دەکرێتە قیستی مانگانە و دەبێت لەگەڵ پسوولەی مانگانەی کارەبای ڕووناکی بدرێت و ڕێکاری ماوەی پارەدانی لە 50 ڕۆژدا لەسەر جێبەجێدەبێت.

داشکاندنی قەرزی پێش ڕووناکی لە 24ی مانگی 9 بۆ 18ى مانگی 10 بە هەمان میکانیزمی داشکاندنی پێشوو:

  • 50٪ داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی
  • 25٪ داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە
  • داشکاندنەکە جێبەجێدەکرێت تەنها ئەگەر هاوبەشەکە بڕی تەواوی قەرزی داشکێندراو بە یەکجار بدات لە ڕێگەی ئی-پسوولە یاخود هۆبەکانی فرۆشیاريی وزە

لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، نزیکەی 800,000 هێشتا قەرزی کۆنی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە. بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دوایین دەرفەتی داشکاندن لەسەر قەرزی پێش ڕووناکی بدات بەو هاوبەشانە بۆ دڵنیابوونە لە دادپەروەری و کاراسانکردنی دانەوەی قەرزی پێش ڕووناکی.

تاوەکوو ئەمڕۆ، زیاتر لە 90٪ی هاووڵاتیيانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە لە ڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.

بەپێی نرخە نوێیەکان، ٪80ی هاووڵاتیيان، بە تایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 جەنابی سەرۆكى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا بڕیاریدا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکوو کۆتایيی ساڵی 2026.

حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان دابین دەکات تاوەکوو کۆتايیی ساڵی 2026.

هەواڵی پەیوەندیدار

رووسیا: ده‌یان کەس لە هێرشێکدا لە مۆسکۆ کوژران

سەڵاح

ترەمپ و سوڵتانی عومان دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانیان تاوتوێ دەکەن

یاسین

داهاتی “The Odyssey” زیاتر لە یەک ملیار و 129 ملیۆن دۆلارە

ART