zagros news agency

بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی: قەوارەی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و داوای یەکڕیزی لایەنەکان دەکەین

 

مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی فەرمیی خۆی سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و تێیدا جەختی لە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلی کورد کردەوە.

 

ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەیاننامەیەک لە مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستانەوە
سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
هێز و لایەنە سیاسییە نیشتمانپەروەرەکان
لەم قۆناغە هەستیارەدا کە ناوچەکە و عێراق پێیدا تێدەپەڕن، قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بڕیار و ئاستەنگی نوێ بوونەتەوە کە لە بەغداوە ئاراستە دەکرێن. ئەم هەنگاوانە نەک هەر پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور و شەراکەتی ڕاستەقینەن، بەڵکو هەوڵێکن بۆ لاوازکردنی ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلەکەمان بەدەست هاتوون.
ئێمە لە بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان، وەک هێزێکی خاوەن مێژوویەکی دیار لە خەباتی نیشتمانی و ئیسلامیدا، هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان بۆ هەموو لایەک دووپات دەکەینەوە:
١- قەوارەی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە. هەر بڕیارێک کە ببێتە هۆی پچڕاندنی قوتی خەڵک، بچووککردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکان، یان پاشەکشەپێکردنی مافەکانی گەلی کورد، بە تەواوی ڕەت دەکەینەوە.
٢- بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی، لە قۆناغە سەختەکانی خەباتدا خاوەنی هێزی پێشمەرگە و تەجرووبەی مەیدانی بووە لە بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان دژ بە ستەم و داگیرکاری. ئەو مێژوو و ئەزموونە پڕ لە قوربانیدانە، ئەمڕۆش ئیرادە و توانای ئەوەمان پێدەبەخشێت کە لە هەر دۆخێکدا و بە هەر شێوازێک پێویست بێت، ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک ببینەوە کە بیەوێت ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنێت یان دەستدرێژی بکاتە سەر مافە ڕەواکانمان.
٣- داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن و بە یەک گوتار و یەک هەڵوێستی نیشتمانی ڕووبەڕووی ئەم ئاستەنگانە ببنەوە، چونکە یەکڕیزی تاکە زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێم و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە.
دەستتان خۆش بێت
٤- بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی دژی هەر جۆرە گەندەڵی و قۆرخکاری و بە قاچاخ بردنێکی نەوت و سامانە سروشتییەکانە و داوای شەفافیەت و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزە بۆ خەڵکی کوردستان دەکات.
لە کۆتاییدا، جەخت دەکەینەوە کە گەلی کوردستان گەلێکی زیندووە و هەرگیز ملکەچی بڕیاری تاکلایەنە و سیاسەتی برسییکردن و پەراوێزخستن نابێت. بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیش وەک هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن لە خاک و شکۆی گەلەکەمان دەمێنێتەوە.
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلی کوردستان
مەکتەبی سیاسی
بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان
٢٠٢٦/١١/٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “The Beekeeper” لە سینەماکاندا

ART

فیلمی “Megalopolis” لە سینەماکان نماش دەکرێت

ART

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان

دڵشاد