zagros news agency

باڵیۆزی ڕووسیا لە بەغدا: هەمیشە وەک دۆستی گەلی کوردستان دەمێنمەوە


ئەمڕۆ چوارشەممە، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماسییەکەی لە عێراق، پێشوازی لە ئەلبێرۆس کوتراشێڤ، باڵیۆزی فیدراسیۆنی ڕووسیا کرد.

لە دیدارێکدا، هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد؛ هاوکات جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ڕووسیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگەیەنێت.

لای خۆیەوە، باڵیۆزی ڕووسیا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو پاڵپشتی و ئاسانکارییانەی لە ماوەی کارکردنیدا پێشکەشیان کردووە. کوتراشێڤ ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ هەولێر و پێشوازییە گەرمەکەی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران کرد و دووپاتی کردەوە کە یادەوەرییە باشەکانی لە عێراق لەبیر ناکات و وەک دۆستێکی گەلی کوردستان دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، فارس عیسا بەناوی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دیارییەکی یادگاری پێشکەش بە باڵیۆزی ڕووسیا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی داهاتوویدا بۆ خواست.

هەواڵی پەیوەندیدار

له‌ دیوانیه‌ هێرشێكی چه‌كداری كرایه‌ سه‌ر باره‌گای حزبوڵای عێراقی

سەڵاح

پێویستە لە بەربانگ چی بخورێت

گوران

ڕاگەیاندراوێک لە لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

یاسین