باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداریی دا لە هەڵکشانی مەترسیی هێرشە چەکدارییەکانی حوسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە و هەوڵەکانی تاران بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسان و دامەزراوە حکومییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات داوای لە هاووڵاتییانی کرد وریا بن و ئامادەکاری بکەن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی ئاسمان و تێکچوونی جووڵەی گەشتکردن.
باڵیۆزخانەکە لە ئاگادارییەکی ئەمنیدا کە ئێوارەی سێشەممە بڵاوی کردەوە، رایگەیاند: ئێران هێرشی کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت، لە کاتێکدا حوسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر سعودیە کە فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و دامەزراوە گرنگەکانی دیکەی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی قوربانیی مەدەنی و پشێوییەکی بەرفراوان لە جووڵەی گەشتەکاندا، هۆشداریشی دا لە ئەگەری پەرەسەندنی خێرای کردەوە دوژمنکارییەکان.
ئاماژەی بەوەش داوە کە لەوانەیە ئێران، حوسییەکان و گرووپەکانی دیکەی لایەنگری تاران، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دەرەوە یان ئەو شوێنانەی پەیوەستن بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاووڵاتییانییەوە لە سەرتاسەری جیهاندا، بە کۆمپانیا و دامەزراوە ئەمریکییەکانیشەوە، بکەنە ئامانج.
باڵیۆزخانەکە داوای لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە کرد کە گەشت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەپێچەوانەوە دەکەن، بەدواداچوون بۆ جووڵەی فڕۆکەخانەکان و هێڵە ئاسمانییەکان بکەن و پێشوەختە پلانی جێگرەوە دابنێن؛ هەروەها فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە، هەولێر و سلێمانی خستووەتە ناو لیستی ئەو فڕۆکەخانانەی کە گەشتیاران دەتوانن پرسیار لەبارەی جووڵەی گەشتەکان تێیاندا بکەن.
هەروەک رێنمایی هاووڵاتییانی کردووە خۆیان لە خۆپیشاندان، گردبوونەوە گەورەکان و ئەو ناوچانە بەدوور بگرن کە هێزی ئەمنیی چڕیان لێ بڵاوکراوەتەوە، سەرنج رانەکێشن، لە کاتی هێرشی ئاسمانیدا لە پەنجەرە و دەرگا شووشەییەکان دوور بکەونەوە و چاودێریی رێنماییە فەرمییەکان بکەن.
باڵیۆزخانەکە جەختی لە بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئاساییەکان بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی لە بەغدا کردەوە، بەڵام رایگەیاند کە لە ماوەی نێوان 26 بۆ 29ـی تشرینی دووەمی ئەم مانگەدا بەبۆنەی پشووی جەژنی سوپاسگوزارییەوە دەرگاکانی دادەخات و لە 30ـی هەمان مانگدا خزمەتگوزارییەکانی دەست پێ دەکاتەوە.
پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دوایین نوێکردنەوەی هۆشدارییەکانی گەشتکردن بۆ عێراق لە 23ـی تشرینی یەکەمی رابردوودا، عێراقی لە ئاستی 4ـدا هێشتبووەوە کە بەرزترین ئاستی هۆشدارییە، و داوای لە هاووڵاتییانی کردبوو گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر، رفاندن، ململانێ چەکدارییەکان و سنوورداریی توانای حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان بە هاووڵاتییانی.

