پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە یەکێک لە گوندەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی بە چەقۆ کوشت و دوای ماوەیەکی کەم لە ئەنجامدانی تاوانەکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیر کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کاتژمێر ١:٣٠ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە گوندی (پیرەش) سەر بە سنووری بنکەی پۆلیسی کەسنەزان. دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و دەرکەوتووە کە ژنێک بە ناوی (سوسن ئیبراهیم محەمەد) لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە ناوی (ئـ، ئـ، م) بە چەقۆ کوژراوە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، تۆمەتباری ناوبراو لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی کەسنەزان و بە هاوکاریی پۆلیسی فریاکەوتن دەستگیر کراوە.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی هێزەکانی پۆلیس لەسەر هۆکار و چۆنیەتیی ڕووداوەکە بەردەوامە.

