ئێوارەی چوارشەممە، ڕێوڕەسمی کردنەوەی یەکەمین فێستیڤاڵی کتێب و کولتوور لە هەولێر دەستیپێکرد، کە لەلایەن زانکۆی لوبنانی فەرەنسی لە شاری هەولێر ڕێکخرابوو.
فێستیڤاڵەکە بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرۆكی زانكۆ و مامۆستیان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، ئەکادیمیستان، نووسەران و قوتابیانی زانکۆ بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆری کولتووری و پێشانگەی کتێب بەڕێوەچوون، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و گرنگیدانی زیاتر بە خوێندنەوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.
لە پەراوێزی بەشداریکردنەکەیدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی سەرپەرشتیاران، سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرجەم ڕێکخەرانی فێستیڤاڵە، پاڵپشتی پارێزگای هەولێری بۆ تەواوی ئەو چالاکییە زانستی و کولتوورییانەی کە خزمەت بە ناسنامەی ڕۆشنبیریی هەولێری پایتەخت دەکەن دووپاتكردەوە و هیوای خواست ئەم جۆرە دەستپێشخەرییە ئەکادیمیانە بەردەوام بن.

