zagros news agency

عێراق و سووریا ڕێککەوتن

عێراق و سووریا ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی کەناڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بۆ دەروازە هاوبەشەکان و گواستنەوەی ئەلیکترۆنیی زانیارییە گومرگییەکان

دەستەی دەروازە سنوورییەکان، ڕێککەوتنی لەگەڵ سووریا ڕاگەیاند بۆ کردنەوەی کەناڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان دەروازە عێراقی و سوورییەکاندا، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری، هەماهەنگی و نەهێشتنی کۆسپەکان تا ڕەوتی بازرگانی بێ ئاستەنگ بەردەوام بێت.

عەلائەدین ئەلقەیسی، وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سووریا لە ڕێگەی چالاککردنی دەروازەکانی (ڕەبیعە، ئەلوەلید و ئەلقائیم)، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامدرا.

لە لایەنی عێراقییەوە، فەریق عومەر عەدنان ئەلوائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، سامر قاسم داوود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگ و مورتەزا ئەلشحمانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی وشکانی بەشدار ببوون.

لە لایەنی سورییەوە، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی قوتیبە بەدەوی، سەرۆکی دەستەی گشتیی دەروازەکان و گومرگ، و هەردوو یاریدەدەری دەروازە و گومرگەکان (خالید بەڕاد و تەمیم) بەڕێوەچوو.

تەوەرە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە:

کەناڵی پەیوەندی و گواستنەوەی ئەلیکترۆنی: کردنەوەی کەناڵی ڕاستەوخۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی گیروگرفتەکان، لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەی ئەلیکترۆنیی زانیارییە گومرگییەکان تا کات بگەڕێندرێتەوە و ڕاستیی زانیارییەکان لەسەر کێش و وەسف و باجی گومرگی زامن بکرێت.

دەستپێکردنەوەی گەشتی هاووڵاتییان: دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی گەشتیاران لە ڕێگەی دەروازەی ئەلوەلید دوای تەواوکردنی هۆڵەکانی پاسپۆرت و ڕێگەکان کە چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ساڵی ئاینده‌دا تەواو ببن، لەگەڵ بەردەوامیی چوونی گەشتیاران لە ڕێگەی دەروازەکانی ڕەبیعە و ئەلقائیمەوە.

چوونی شۆفێران و گواستنەوەی تایبەت: ڕێککەوتن لەسەر چوونی هاوسەنگی شۆفێرانی هەردوو وڵات بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی و بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی، لەگەڵ دیاریکردنی ڕێگەی نوێ بۆ گەشتیاران و بازرگانی، و تەرخانکردنی ڕێگەی تایبەت بۆ بەنزینین هەڵگران، زەیتی سووتەمەنی و ئۆتۆمبێلەکانی کەرەستەی زوو تێکچوو.

ئاسانکاریی ترانزێت و فراوانکردن: ئاسانکاریکردن بۆ تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکانی ترانزێت لە سنوورەکان، و فراوانکردنی دەروازەی ڕەبیعە بە زیاکردنی ڕووبەری ۱۰۰ دۆنمی نوێ تا بتوانرێت ژمارەیەکی زۆرتری بارهەڵگر و تەنکەر لە خۆ بگرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن جەختیان لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندی و هەماهەنگی کردەوە، بە جۆرێک کە قازانجی بازرگانی و ئابووریی بۆ هەردوو وڵاتی برا تێدا بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

فۆرمی دامەزراندنی 250 کەس بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕاگەیەندرا

یاسین

پێشەوا هەورامانی: بە پێی یاسا دەبێ بودجەی هەرێمی کوردستان بەو جۆرەی دیاری کراوە بنێردرێت

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا لە نزمبوونەوە بەردەوامە

گوران