شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بۆ بنکەی سەربازیی خۆیان، هاوکات بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەکی ناڕاستی لەلایەن هەندێک لایەنی مەبەستدارەوە ڕەتکردەوە.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەکە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی لەم بۆنە گرنگەی عێراقدا ئاستێکی نایابیان پێشکەش کرد و لێهاتووییەکانیان لە لووتکەدا بوو.”
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: “ئەو تابلۆ نیشتمانی و سەروەرییە جوانەی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی کێشایان، هەندێک لایەنی بێزار کرد و بەو هۆیەوە دەستیان بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی بێ بنەما کرد .”
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: “هەموو فڕۆکەکان و فڕۆکەوانەکان سەلامەتن و چالاکییەکە بە تەواوی نمایشێکی نیشتمانی و سەروەرییانە بوو.”

