zagros news agency

عەلی ڕەشید: جوگرافیای هەستیاری کوردستان دەبێت لە سەرچاوەی هەڕەشەوە بگۆڕدرێت بۆ دەرفەتێکی ستراتیژی

 

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ زاگرۆس جەخت دەکاتەوە کە لە سایەی ئاڵۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، هەرێمی کوردستان دەبێت لە ڕێگەی هاوسەنگی دیپلۆماسی، بەهێزکردنی یەکڕیزی ناوخۆیی و سوودوەرگرتن لە پێگە جوگرافییەکەی، قەیرانەکان بکاتە پردێک بۆ بازرگانی، وزە و سەقامگیری و ببێتە بەشێک لە چارەسەر.

دکتۆر عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ زاگرۆس ئاماژە بەوە دەکات هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی زۆر هەستیار و ستراتیژیدا هەڵکەوتووە؛ لە نێوان عێراق، تورکیا، ئێران و سوریا، کە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی، ئەمنی یان ئابووری لەم وڵاتانەدا دەتوانێت ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کوردستان هەبێت. هەروەها ئاڵۆزییەکانی ناوچە، مەترسییەکانی پەیوەست بە کەنداو و تەنگەی هورمز و ململا‌نێ نێودەوڵەتییەکان، پێویستی بە سیاسەتێکی هۆشیارانە و دووربینانە زیاتر دەکەن.

دکتۆر عەلی رەشید گوتی: بەڵام جوگرافیای هەستیار نابێت تەنها وەک سەرچاوەی هەڕەشە ببینرێت؛ دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ دەرفەتێکی ستراتیژی. هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە پردێکی گرنگی بازرگانی، وزە، گواستنەوە و پەیوەندی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و لە هەمان کاتدا پێگەی دیپلۆماسی و ئابووری خۆی بەهێزتر بکات.

گوتیشی؛ لەم قۆناغە هەستیارەدا، ئەزموون و دیدگای سیاسیی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی، بە تایبەتی لە بوارەکانی گفتوگۆ، هاوسەنگی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو نیشانی داوە کە چارەسەری کێشەکان بە ئارامی، گفتوگۆ و دروستکردنی متمانە، دەتوانێت لە ململا‌نێ و ئاڵۆزی زیاتر کاریگەرتر بێت.

راشی گەیاند لەبەر ئەوە، پێویستە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ بە هاوسەنگی بەڕێوەببات، یەکڕیزی ناوخۆیی بەهێز بکات و پێگەی جوگرافیایی خۆی بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان، بازرگانی و پڕۆژە ستراتیژییەکان بەکاربهێنێت.ئامانج ئەوەیە کوردستان تەنها کاریگەری لە قەیرانەکانی ناوچە وەرنەگرێت، بەڵکو ببێتە بەشێک لە چارەسەر؛ ناوچەیەکی ئارام، پێشکەوتوو و پردێک بۆ گفتوگۆ و هاوکاری نێوان لایەنە جیاوازەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌وه‌كاله‌ت كۆبووه‌وه‌

یاسین

نەتەوە یەکگرتووەکان: داخرانی گەرووی هورمز ٤٥ ملیۆن کەسی دیکە ڕووبەڕووی برسییەتی دەکاتەوە

یاسین

زەیدی داوای «شۆڕشێک» لە یاسا و یاساداناندا دەکات

سەڵاح