توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ڕانەگرتنی قۆڵ بە پاڵپشتییەوە لە کاتی پێوانی پەستانی خوێندا، هەڵەیەکی باوە و دەکرێت ئەنجامەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر لە بڕی ڕاستەقینە پێشان بدات و ژمارە بەرزەکەی پەستانی خوێن بە نزیکەی ٦.٥ ملیمەتر جیوە بەرزتر دەربخات؛ جیاوازییەک ڕەنگە ببێتە هۆی دەستنیشانکردنی هەڵەی نەخۆشیی بەرزەپەستانی خوێن.
بە گوێرەی هەواڵێکی ساینس دەیلی، لێکۆڵینەوەیەک بە سەرپەرشتیی نێوەندی پزیشکیی جۆنز هۆپکینز دەری دەخات شێوازی دانانی قۆڵی نەخۆش لە کاتی پێوانی پەستانی خوێندا دەکرێت کاریگەریی بەرچاوی بەسەر ئەنجامەکەوە هەبێت.
توێژەران لە ڕاپۆرتی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا لە بڵاوکراوەی کۆمەڵەی پزیشکیی ئەمریکا – پزیشکیی نێوخۆ (JAMA Internal Medicine) سێ دۆخی قۆڵیان بەراورد کرد: قۆڵی پاڵپێوەدراو بە مێز، قۆڵی دانراو لەسەر ڕانەکان و قۆڵی بێپاڵپشت و شۆڕبووەوە لە تەنیشت جەستە. ئەوان بۆیان دەرکەوت دانانی قۆڵ لەسەر ڕانەکان پەستانی سیستۆلیک ــ ژمارە بەرزەکەی پێوانی پەستانی خوێن ــ بە نزیکەی چوار ملیمەتر جیوە بەرز دەکاتەوە، لە کاتێکدا شۆڕبوونەوەی قۆڵ بە بێپاڵپشتی لە تەنیشت جەستەدا ئەو ژمارەیە بە نزیکەی حەوت ملیمەتر جیوە بەرزتر پێشان دەدات.
نوێترین ڕێنمایییە کلینیکییەکانی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی وردیی پێوان چەند هەنگاوێک پێشنیاز دەکەن: بەکارهێنانی قۆڵبەستی قەبارەگونجاوی فشارپێو، پاڵدانی پشت، دانانی لەپی پێیەکان لەسەر زەوی بە بێ خستنەسەریەکی قاچەکان، هەروەها ڕێکخستنی قۆڵ بە جۆرێک لە کاتی پاڵدانی قۆڵ بە مێزەوە، بەشی نێوەڕاستی قۆڵبەستی فشارپێوەکە هاوئاستی نێوەندی دڵ بێت.
سەرەڕای ئەم پێشنیازانە، توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن زۆربەی کات پەستانی خوێن لە کاتێکدا دەپێورێت نەخۆش لەسەر تەختی پشکنین دانیشتووە و قۆڵی پاڵپشتی پێویستی نییە یان بە تەواوی بێپاڵپشتە. هەندێک جار یەکێک لە کارمەندانی تەندروستی قۆڵی نەخۆشەکە ڕادەگرێت و لە هەندێک حاڵەتی دیکەشدا نەخۆش قۆڵی لەسەر ڕانەکانی دادەنێت.
دکتۆر تامی برەیدی، سەرپەرشتیاری سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیە، دۆخی قۆڵی لە دەستەبەرکردنی پێوانێکی ورددا بە دروستکەری «جیاوازییەکی زۆر گەورە» وەسف کرد؛ ناوبراو ئەم دەرئەنجامەی بە پشتڕاستکردنەوەی ڕێنمایییە کلینیکییەکانی پێشوو زانی بۆ پێویستیی پاڵپێوەدانی دروستی قۆڵی نەخۆش بە مێز یان ڕوویەکی دیکەوە لە کاتی پێواندا.
مەبەست لە بەرزەپەستانی خوێن ئەو دۆخەیە پەستانی لێشاوی خوێن لە نێو دەمارەکاندا لە ئاستی ئاسایی (نزیکەی ١٢٠ لەسەر ٨٠) بەرزتر بێت. بەرزەپەستانی خوێن لە کاتی چارەسەرنەکردنیدا مەترسیی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و کێشە مەترسیدارەکانی دیکەی دڵ و لوولەکانی خوێن زیاد دەکات. ئەم نەخۆشییە زۆرجار نیشانەی کەمی هەیە یان بە بێ هیچ نیشانەیەک دەمێنێتەوە. هەر بۆیە پشکنینی پێشوەختە و بەردەوامی پەستانی خوێن لە سەردانە ئاسایییە پزیشکییەکاندا بەشێکی گرنگی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەیە. لە زۆر بارودۆخدا، دەکرێت پەستانی خوێن بە گۆڕینی شێوازی ژیان وەک دابەزاندنی کێش، خۆراکی تەندروست و وەرزش، هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی دەرمان کۆنترۆڵ بکرێت.
توێژەران بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکەی جۆنز هۆپکینز، لە ٩ی ئابی ٢٠٢٢ تا ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ١٣٣ کەسیان بەشدار کرد، لەسەدا ٧٨یان ڕەشپێست و لەسەدا ٥٢یان ئافرەت بوون. بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان ١٨ تا ٨٠ ساڵدا بوو و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە نێو شەش گرووپدا دابەش کران. جیاوازیی نێوان گرووپەکان لە ڕیزبەندیی تاقیکردنەوەی سێ دۆخەکەی قۆڵدا بوو لە کاتی دانیشتندا. سەرجەم پێوانەکان لە یەک سەرداندا لە نێوان کاتژمێر ٩ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە ئەنجام دران. بەشداربووان پێش پێوانی پەستانی خوێن میزڵدانی خۆیان بەتاڵ کردەوە و بۆ ماوەی دوو خولەک ڕێیان کرد بۆ ئەوەی ڕەوشی ئاساییی هاتنەژوورەوە بۆ نێوەندی تەندروستی پێش پشکنین دروست بکرێتەوە. پاشان پێنج خولەک لە دۆخی دانیشتندا بە هەبوونی پاڵپشت بۆ پشت و پێیەکان پشوویان دا.
توێژەران بە ئامێری دیجیتاڵیی فشارپێو، سێ زنجیرە پێوانیان ئەنجام دا، هەر زنجیرەیەک سێ جار پێوانی بە مەودای ٣٠ چرکەیی لە نێواندا لەخۆ دەگرت. پاش هەر زنجیرەیەکی سێیانە، توێژەران قۆڵبەستەکەیان دەکردەوە. دواتر بەشداربووان دوو خولەک ڕێیان دەکرد و پێنج خولەکی دیکە پشوویان دەدا. لە هەمان سەرداندا، بۆ هەر کەسێک زنجیرەی چوارەم لەخۆگری سێ پێوان ئەنجام درا، تێیدا قۆڵ بە مێزەوە پاڵ درابوو. ئەم زنجیرە زیادەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەو ناجێگیرییە ناسراوە بوو لە نێوان پێوانەکاندا ڕوو دەدات.
ئەنجامەکان دەریان خست دوو دۆخەکەی قۆڵ لە نێوەندە تەندروستییەکاندا باون ــ دانانی قۆڵ لەسەر ڕانەکان یان شۆڕکردنەوەی بە بێپاڵپشت لە تەنیشت جەستەدا ــ بە بەراورد بە دۆخی پێشنیازکراو کە پاڵدانی قۆڵە بە مێز، پەستانی خوێن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر پێشان دەدەن. لەم ڕووەوە، دانانی قۆڵ لەسەر ڕانەکان پەستانی سیستۆلیکی ٣.٩ ملیمەتر جیوە زیاتر لە بڕی ڕاستەقینە پێشان دا. پەستانی سیستۆلیک، ژمارە بەرزەکەی پەستانی خوێن، گوزارشت لە پەستانی لێشاوی خوێن لە کاتی پەمپکردنی لە لایەن دڵەوە دەکات. ئەم دۆخە پەستانی دیاستۆلیکیشی چوار ملیمەتر جیوە بەرزتر پێشان دا. پەستانی دیاستۆلیک، ژمارە نزمەکەی پەستانی خوێن، بریتییە لە پەستانی نێو خوێنبەرەکان لە کاتی پشوودانی دڵ لە نێوان دوو لێداندا.
شۆڕبوونەوەی قۆڵ بە بێپاڵپشت لە تەنیشت جەستەدا جیاوازییەکی زیاتری دروست کرد؛ بەو پێیەی پەستانی سیستۆلیک ٦.٥ ملیمەتر جیوە و پەستانی دیاستۆلیک ٤.٤ ملیمەتر جیوە زیاتر لە بڕی ڕاستەقینە پێشان درا.
شێری لیو، لە نووسەرانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ڕایگەیاند بەردەوامپێوانی پەستانی خوێن بە قۆڵی بێپاڵپشت و تۆمارکردنی ژمارەکە بە ٦.٥ ملیمەتر جیوە بەرزتر، دەتوانێت پەستانی سیستۆلیک لە ١٢٣ەوە بۆ نزیکەی ١٣٠ یان لە ١٣٣ەوە بۆ نزیکەی ١٤٠ بەرز بکاتەوە؛ ئەمەش وەک بەرزەپەستانی خوێنی قۆناغی دووەم ئەژمار دەکرێت.
توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن ڕەنگە ئەم دەرئەنجامانە تەنها بۆ پێوانی پەستانی خوێن بە ئامێرە ئۆتۆماتیکییەکان بێت و بەسەر هەموو جۆرەکانی ئامێری فشارپێودا نەگونجێت. سەرباری ئەمەش، برەیدی جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی وردی شێوازە پێشنیارکراوەکان لە لایەن کارمەندانی تەندروستییەوە کردەوە. ناوبراو هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد چ لە نێوەندە تەندروستییەکان و چ لە ماڵەوە لە کاتی پێوانی پەستانی خوێندا، بۆ دڵنیابوون لە پێوانێکی دروست، هەموو ڕێنمایییەکان ڕەچاو بکەن.

