zagros news agency

شێرکاوەیی بۆ زاگرۆس: داوای دامەزراندنی 500 مامۆستای ئایینی خۆبەخش دەکەین؛ “بێ بەشدارییان بۆشایی گەورە دروست دەبێت”

 

لە بەرامبەر پێشکەشکردنی نزیکەی نیوەی گوتارەکانی هەینی لە هەرێمی کوردستان، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوایەکی فەرمی ئاراستەی حکوومەت دەکات بۆ دامەزراندنی 500 مامۆستای خۆبەخش، یان دابینکردنی مووچەکانیان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027.

لە کاتێکدا کێشەی نەبوونی پێداویستییەکانی گوتارخوێنان لە بەشێک لە مزگەوتەکاندا بوونی هەیە، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هەوڵەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش چڕتر کردووەتەوە و داوای دامەزراندنیان دەکات. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی 3,700 گوتاری هەینی کە هەفتانە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکرێن، بارودۆخەکە دابەش بووە بەسەر دوو بەشدا؛ 1,700 گوتار لەلایەن مامۆستایانی سەر میلاکەوە بەڕێوەدەچن و 2,000 گوتاری دیکە لەلایەن مامۆستایانی خۆبەخشەوە پێشکەش دەکرێن، لە کاتێکدا بە گشتی نزیکەی 6,000 مامۆستای ئایینی لە هەرێم هەن و ژمارەیەکیشیان هەڵگری بڕوانامە باڵاکانی وەک ماستەر و دکتۆران.
لە کۆی ئەو 2,000 مامۆستایە خۆبەخشە، 1,500 مامۆستا مانگانە بڕی 250 هەزار دینار وەک هاوکاری وەردەگرن، کە ئەمەش لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، دوای دیدارێکی پێشوویان لەگەڵ یەکێتی زانایان بۆیان بڕایەوە، بەڵام 500 مامۆستای دیکەی خۆبەخش کە بەشێکیان فەرمان و رێکاری خۆبەخشییان نوێیە، هیچ هاوکارییەکی داراییان پێ نادرێت و بێبەشن.

لەم چوارچێوەیەدا، دکتۆر عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ زاگرۆس ڕوونی کردەوە کە چەندین جار نووسراویان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەردەوام دەبن بۆ بەدیهێنانی دوو بژاردە، کە ببریتیین لە دامەزراندنی ئەو 500 مامۆستا خۆبەخشەی هیچ مووچە و هاوکارییەکیان نییە، یان دابینکردنی مووچەکانیان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027. لە کۆتاییدا، گوتەبێژی یەکێتی زانایان هۆشداری دا لەوەی کە دامەزراندن و شایستەپێدانی ئەم توێژە پێویستییەکی گرنگە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی گوتاردان، بەجۆرێک ئەگەر ئەوان نەبن، بۆشاییەکی گەورە لەو بوارە ئایینی و رووناکبیرییەدا دروست دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمیسیۆن رێکار و تەکنەلۆژیای نوێ بۆ رێگری لە ساختەکاری پەسەند دەکات

یاسین

چین لە زیادبوونی بودجه‌ی ژاپۆن نیگەرانە

یاسین

شاندێکی باڵای ئەنەکەسە گەیشتە دیمەشق

سەڵاح