کاتێک بیستم پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی “لەژێر 21 تیشکی خۆر دا” دەکرێتەوە کە تەواوی جەستەی پارچەپارچەکراوی کوردستانی گەورە لە نێو چوارچێوەی فریمەکانیدا کۆدەکاتەوە، وەک ڕۆژنامەنووسێک هیچ دوودڵییەک لە دڵمدا نەمایەوە، لەگەڵ هاوڕێیەکم ڕوومان کردە شوێنی پێشانگاکە؛ چونکە لە مێژە هونەرمەندانی ئەم وڵاتە خەم و ژانی چوار پارچەی کوردستانیان لەسەر شانی خۆیان هەڵگرتووە و بە زمانە جۆراوجۆرەکانی هونەر، داستانی یەکێتیی ڕۆحیی ئەم گەلە دەنوسنەوە.
ساتێک کە پێمان خستە نێو زانکۆی جیهان لە هەولێر، دیمەنی هاتووچۆ و خەندەی قوتابیان، وەک باگراوەندێکی ڕووناک، بۆ ساتێک منی گەڕاندەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خوێندنی زانکۆ؛ ئەو رۆژانەی کە خەونەکان گەورەتر بوون لە پەڕەی کتێبەکان.
ئەزموونە ڕاستەقینەکە لەگەڵ چوونە نێو گەلەرییەکە دەستی پێکرد. لەوێ، کۆمەڵێک گەنجی ئومێدبەخش و بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە پێشوازییان لێکردین. ئەوان کە سەر بە دامەزراوەی ستراتیژیی نیشتمان بوون، بە گەرمییەوە دەروازەی پڕۆژە هونەرییە ناوازەکەیان بۆ کردینەوە و ڕوونکردنەوەی تێروتەسەلیان لەسەر ئامانجەکەی پێداین.
لە نێو گەلەرییەکەدا، فۆتۆگرافەر هەرێم کۆچەریمان بینی. بە سۆزێکی هونەرییانەوە پێشنیاری بۆ کردین کە پێشتری بینینی فۆتۆکان، بچینە ژووری نمایش و تەماشای بەڵگەفیلمی تایبەتی پڕۆژەکە بکەین، تاوەکو بە قووڵییەوە لە ڕەهەندەکانی ئەم گەشتە هونەرییە بگەین. بەڵگەفیلمەکە وەک پێشەکییەکی ڕۆحی، زەمینەی بۆ ئامادەکردین تا بە دیدێکی جیاوازەوە بڕوانینە وێنەکان.
ئەو وێنەیەی لە بەرامبەریاندا وەستابووین، تەنیا ڕەنگ و ڕووناکی نەبوون، بەڵکو چیرۆکی زیندووی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی گەورە بوون. لە پشت هەر وێنەیەکدا حیکایەتێکی پڕ لە ئازار و هیوا حەشاردەدرابوو؛ یەکێک لە ڕەتکەرەوەترین و کاریگەرترین دیمەنەکان، چیرۆکی گوندێکی ڕۆژئاوای کوردستان بوو. گوندێک کە تەنیا ئافرەت و منداڵ تێدا دەژین—ئەو ئافرەت و کچانەی کە هاوژین یان باوکیان لە دەستدابوو و بارگرانیی ژیانیان بە تەنیا لە کۆڵ نابوو.
پێشانگاکە تەنیا بۆ بینین نەبوو، بەڵکو ئەزموونێکی بیستنیش بوو؛ لە بەشێکی دیکەدا، سەردانکەران لەڕێگەی گوێگرتنەوە گوێبیستی دەنگ و ئاوازی ڕەسەنی کەسایەتییە فۆلکلۆرییەکان دەبوون، وەک دەنگی عەبدولڕەحمان جزیری لە باکووری کوردستان کە لاوکەکانی ڕابردووی بە نەوەی نوێ دەبەستایەوە، و هونەرموند خدر قادری (خولە دەرزی) لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تەمەنێک بەیت و حەیران و شمشاڵەکەی پارێزگارییان لە مێژووی زارەکیی ناوچەکە کردووە.
پێشانگاکە گەڕۆکە و بڕیارە جگه لە هەولێر، ڕوو لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکیش بکات، تا ١٥ی تشرینی یەکەم لە هەولێر بەردەوام دەبێت و بیرهێنەرەوەیەکی بەئازار و جوانە بۆ ئەوەی بزانین کە کولتوور و هونەر چۆن دەتوانن سنوورە دەستکردەکان بڕوخێنن و چوار پارچەی نیشتمان لە نێو یەک دڵدا بکەنە میوان.
بەر لەوەی لە پێشانگەکە دەربچم، پەرتووکی “لەژێر 21 تیشکی خۆردا”ـم بەرچاو کەوت کە سەرەتا وەک گەشتێک بەناو خاک و پارچەکانی کوردستاندا دەستی پێ کرد؛ گەشتێک بە مەبەستی تۆمارکردنی وێنەی خەڵک، دیمەنە سروشتییەکان، داب و نەریت، ئاهەنگەکان و ئەو ساتەوەختە ئاساییانەی ژیانی ڕۆژانە کە لەسەر ڕێگەکە دەهاتنە پێش. ئەم پەرتووکە وێنەییە بەرهەمی ئەم گەشتەیە.
پەرتووکەکە لە سەرجەم پێشانگایەکان بەردەست دەبێت. لە ئێستاوە تا 15ـی ئەم مانگە دەتوانن سەردانی پێشانگایەکەمان بکەن لە گەلەری هونەری زانکۆی جیهان بۆ ئەزموونکردنی ئەم پڕۆژەیە فرەڕەهەندە، و بینینی 56 وێنەی نێو پەرتووکەکە و بەدەستهێنانی پەرتووکەکە.
پێشانگاکە لە 20 تا 31ـی ئەم مانگە لە سلێمانی و 3 تا 8ـی تشرینی دووەمی داهاتوو لە دهۆک بەڕێوەبچێت.

