بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری توند دەداتە تەواوی بانکەکان و جەخت لە پاراستنی مافی دارایی بازرگانان دەکاتەوە. بانکەکە ڕایگەیاند کە بە وردی چاودێریی مامەڵە بانکییەکانی پێش و دوای دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ دەکات، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە خستنەپالی هەر بارگرانییەکی دارایی بۆ سەر شانی کڕیاران و بازرگانان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لەو بازرگان و کۆمپانیایانە کراوە کە حەواڵەکانیان بۆ دابینکردنی دارایی هاوردەکردن پێش ڕێکەوتی ٢٠٢٦/١٠/٧ شایستەی جێبەجێکردن بووە، سەردانی بانکەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاییبوونی کارەکانیان. بانکی ناوەندی جەختی کردەوە کە پێشتر باڵانسی بانکەکانی بۆ ئەو حەواڵانە پڕکردووەتەوە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت جیاوازیی نرخی ئاڵوگۆڕ لەو بازرگانانە وەربگیرێت کە حەواڵەکانیان بە نرخی پێشوو جێگیر کراوە.
بانکی ناوەندی ڕێکارەکانی سکاڵای بۆ بازرگانان خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری هەر دواکەوتنێک یان داواکردنی بڕە پارەیەکی زیادە لەلایەن بانکەکانەوە، بازرگانان دەتوانن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی سکاڵای بانکی ناوەندی یان ئیمەیڵی فەرمیی
[email protected] سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن.لەکۆتاییدا، بانکی ناوەندی ئاشکرای کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، کار لەسەر دەرکردنی کارتێکی تایبەت بە بازرگانیی دەرەکی بۆ بازرگانە بچووکەکان دەکات، تا ئاسانکاری زیاتر بۆ دابینکردنی دارایی هاوردەکردنی کاڵاکانیان.

