بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە سەقامگیری پلەکانی گەرما و ئەگەری بارانبارین لە چەند ناوچەیەکی جیاواز دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی، ئاسمانی هەرێم لەم دوو ڕۆژەدا بە گشتی لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت. بۆ ئەمڕۆ شەممە، لە کاتەکانی بەیانیدا ئەگەری نمەباران لە هەندێک لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان هەبووە.
سەبارەت بە سبەی یەکشەممە، پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی شەودا ئاسمانی ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای هەرێم بگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، و لە دوای نیوەشەو زنجیرەیەک بارانبارین لەو ناوچانە دەستپێبکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کم/ک (لەسەرخۆ بۆ مامناوەند) دەبێت، و مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 کم جێگیر دەبێت. پلەکانی گەرما لەم دوو ڕۆژەدا هیچ گۆڕانکارییەکی گەورەیان بەسەردا نایەت و بە نزیکی لە ئاستی تۆمارکراوەکانی پێشوو دەمێننەوە، بە جۆرێک بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان 35 پلە و نزمترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو لە حاجی ئۆمەران 21 پلەی سیلیزی دەبێت.

