zagros news agency

بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداری دەداتە بانکەکان

 بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری توند دەداتە تەواوی بانکەکان و جەخت لە پاراستنی مافی دارایی بازرگانان دەکاتەوە. بانکەکە ڕایگەیاند کە بە وردی چاودێریی مامەڵە بانکییەکانی پێش و دوای دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ دەکات، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە خستنەپالی هەر بارگرانییەکی دارایی بۆ سەر شانی کڕیاران و بازرگانان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لەو بازرگان و کۆمپانیایانە کراوە کە حەواڵەکانیان بۆ دابینکردنی دارایی هاوردەکردن پێش ڕێکەوتی ٢٠٢٦/١٠/٧ شایستەی جێبەجێکردن بووە، سەردانی بانکەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاییبوونی کارەکانیان. بانکی ناوەندی جەختی کردەوە کە پێشتر باڵانسی بانکەکانی بۆ ئەو حەواڵانە پڕکردووەتەوە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت جیاوازیی نرخی ئاڵوگۆڕ لەو بازرگانانە وەربگیرێت کە حەواڵەکانیان بە نرخی پێشوو جێگیر کراوە.
بانکی ناوەندی ڕێکارەکانی سکاڵای بۆ بازرگانان خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری هەر دواکەوتنێک یان داواکردنی بڕە پارەیەکی زیادە لەلایەن بانکەکانەوە، بازرگانان دەتوانن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی سکاڵای بانکی ناوەندی یان ئیمەیڵی فەرمیی [email protected] سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن.
لەکۆتاییدا، بانکی ناوەندی ئاشکرای کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، کار لەسەر دەرکردنی کارتێکی تایبەت بە بازرگانیی دەرەکی بۆ بازرگانە بچووکەکان دەکات، تا ئاسانکاری زیاتر بۆ دابینکردنی دارایی هاوردەکردنی کاڵاکانیان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی سەردانی قشڵەی کۆنی زاخۆ دەکات

یاسین

هه‌ولێر.. پێشەنگای نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كرایەوە

سەڵاح

سەعد لموجەرد بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لە دادگە ئامادە دەبێتەوە

ART