zagros news agency

پاکستان و ئازەربایجان هاوکارییە ئابوورییەکانیان فراوان دەکەن

 

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، رێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتی تاوتوێ کرد.

بەپێی راگەیەندراوێک، هەردوو لا جەختیان لە قووڵیی پەیوەندییە برایەتی و ستراتیژییەکانی نێوان پاکستان و ئازەربایجان کردەوە، کە لەسەر بنەمای متمانەی هاوبەش و پشتیوانیی یەکتر دامەزراون. هەروەها هەردوو سەرکردە دڵخۆشیی خۆیان بۆ پێشکەوتنەکان لە بوارە جیاوازەکانی هاوکاری دەربڕی.

هەردوو سەرکردە جەختیان لە گرنگیی گۆڕینی تێگەیشتنی سیاسیی نێوان هەردوو وڵات بۆ شەراکەتێکی ئابووری، وەبەرهێنان و بازرگانی کردەوە، بە جۆرێک بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەل بەدیبهێنێت.

راگەیەندراوەکە روونیکردەوە، هەردوو لایەن لە سەرکەوتنی کارکردنی سەنتەری “ئاسان خزمەت” لە ئیسلامئاباد دڵخۆشن، کە بە لاساییکردنەوەی مۆدێلی ئازەربایجانی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە حکوومییەکان دامەزراوە و بە مۆدێلێکی پراکتیکی بۆ هاوکاریی دووقۆڵی دایاننا.

لە وەڵامی داواکاریی شەهباز شەریفدا، ئیلهام عەلیێڤ رەزامەندیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی و ئەزموونی ئازەربایجان بە مەبەستی فراوانکردنی تۆڕی سەنتەرەکانی ئاسان خزمەت لە سەرتاسەری پاکستان دەربڕی. شەهباز شەریفیش سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو دەسپێشخەرییە گەیاند.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەردوو لا بیروڕایان سەبارەت بە پێشهاتەکان گۆڕییەوە و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگی لەسەر پرسە جێگەی بایەخی هاوبەش کردەوە.

شەهباز شەریف، عەلیێڤی لەو هەنگاوە دیپلۆماسییانە ئاگادار کردەوە کە وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ، ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەیانگرێتەبەر. عەلیێڤیش پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی و جەختی لە گرنگیی ئەوان بۆ پشتیوانیکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

پەیوەندییەکە بە جەختکردنەوەی هەردوو سەرکردە لەسەر پابەندبوونیان بە بەردەوامیی هاوکاری و کاری هاوبەش بۆ بەهێزکردنی شەراکەتی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات کۆتاییهات، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلەکانیان بکات و پێشکەوتن و گەشەپێدانی هاوبەش بەدیبهێنێت.ر

هەواڵی پەیوەندیدار

تەقینەوەیەک لە کۆلێژی سەربازیی بەغدا ڕووی دا

سەڵاح

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا نرخەکانی نەوت هەڵکشان

یاسین

تورکیا، سعوودیە و پاکستان “ڕێککەوتننامەی بەرگریی سێقۆڵی”یان واژوو کرد

سەڵاح