zagros news agency

زانایان نهێنیی بەیەکەوەلکانی گەردیلەکانی DNA ئاشکرا دەکەن

 

گرووپێک لە توێژەرانی زانکۆکانی شێفیڵد و یۆرک لە بەریتانیا، بەڵگەی بینراویان بۆ چۆنیەتیی تەنراوی و بەیەکداچوونی گەردیلەکانی DNA سەرەڕای لێککشانەوەی بارگە کارەباییەکانیان خستەڕوو.

ئەو توێژەرانە بۆیان دەرکەوتووە ئایۆنە ئەرێنییەکان یارمەتیی پێکەوەبەستن و جێگیرکردنی گەردیلەکان لە نزیکی یەکتر دەدەن. ئەنجامەکان پاڵپشتی لە گریمانەیەکی زانستی دەکەن کە زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر خراوەتەڕوو، ئەم دۆزینەوەیەش تێگەیشتن لە چۆنیەتیی رێکخستنی ماددەی بۆماوەیی لەنێو خانەکان و شێوازی بەیەکگەیشتنی ناوچە هاوشێوەکانی DNA پێش ئاڵوگۆڕی زانیارییە بۆماوەییەکان ئاسان دەکات.

توێژەران بە بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپێکی وردبینیی بەرز، شێوازی تەنراویی دوو گەردیلەی تەنیشت یەکتریان لێکداوەتەوە. شیکاریی کۆمپیوتەری دەریخستووە ئایۆنە ئەرێنییەکان، وەک نیکڵ و مەگنیسیۆم و کالیسیۆم، وەک نێوەندگیرێک کار دەکەن کە گەردیلەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و یارمەتییان دەدات نزیک لە یەک بمێننەوە.

ئالیس باین، زانای فیزیا لە زانکۆی شێفیڵد بە وێبسایتی “ساینس ئەلێرت”ـی راگەیاند، ئایۆنەکان لە دروستکردنی پردێک لەنێوان گەردیلەکاندا یارمەتیدەرن، کە ئەوەش بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە، شێوازی بەیەکەوەلکانی گەردیلەکان بە رێزبەندیی ئەو بنەمایانە کاریگەر دەبێت کە DNA لێی پێکهاتووە. شیکارییەکان دەریانخستووە هەندێک رێزبەندی، لەوانە رێزبەندییەکی کورت بەناوی GTAC، لە کاتی بوونی ئایۆنی نیکڵدا یارمەتیی دروستبوونی پەیوەندییەکی جێگیرتر دەدەن.

ئەم دۆزینەوەیە رۆڵی دەبێت لە تێگەیشتن لەوەی چۆن بەشە هاوشێوەکانی DNA یەکتر دەناسنەوە، کە ئەمەش پرۆسەیەکی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕکردن و دووبارە پێکهێنانەوەی ماددەی بۆماوەیی. ئاگنیز نۆی، زانای فیزیا لە زانکۆی یۆرک بە “ساینس ئەلێرت”ـی گوت، ئەم وێنانە یەکەم بەڵگەی بینراون لەسەر دروستیی ئەو بیرۆکەیە.

 

تاقیکردنەوەکان لە ژینگەی تاقیگەدا ئەنجامدراون، بۆیە توێژەران هێشتا پێویستیان بە دڵنیابوونە لە روودانی هەمان میکانیزم لەنێو خانە زیندووەکاندا، کە لەوێدا پرۆتین و گەردیلەکانی دیکە لە رێکخستنی ماددەی بۆماوەییدا تێوەگلاون. توێژینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی نێوان ئەو میکانیزمە و نەخۆشیی شێرپەنجەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ئەنجامەکان روونکردنەوەی زیاتر بۆ چۆنیەتیی تەنراوی و رێکخستنی DNA پێشکەش دەکەن، هەروەها تێگەیشتن لەو پرۆسانەی رێگە بە ئاڵوگۆڕی ماددەی بۆماوەیی دەدەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە هۆى جێبەجێکردنی یاساى جەعفەرى 800 دایکی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان ڕادەکەن

سەڵاح

کەشناسی: پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە و چەند ناوچەیەک دەگەنە نزیک 50 پلەی سیلیزی

گوران

یەکلاییکەرەوە.. بزانە ئێمباپێی بەشداری یاری داهاتوو دەکات؟

یاسین