zagros news agency

بژار حەکیم بۆ زاگرۆس: هەنگاوەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر ڕۆژنامەنووساندا خێرا دەکرێن  

 

جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر هێڵن بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانی پێدانی زەوی بە ڕۆژنامەنووسان، ئاماژە بەوەش دەکات کە تێڕوانینێکی ئەرێنی و هاوئاهەنگییەکی باش لە ئارادایە بۆ

جێبەجێکردنی ئەم مافە ڕەوایە.

ڕۆژی یەکشەممە (١١ـی ١٠ـی ٢٠٢٦)، شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پێشوازییان لێکرا.

لەبارەی ئەم سەردانە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بژار حەکیم، جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند:

وەک شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارمان کرد و لەلایەن بەڕێز وەزیرەوە بە گەرمی پێشوازیی کراین. ئامانجی سەرەکی لە کۆبوونەوەکەمان، چڕکردنەوەی هەوڵەکان بوو بۆ خێراکردنی ڕێکارەکانی پێدانی زەوی بە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە ئەوەش مافێکی ڕەوای ئەم توێژەییە.”

جێگری نەقیبی ڕۆژنامەنووسان ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەوالی زاگرۆس خستەڕوو:

“لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیەکی تێر و تەسەل لەبارەی دۆسیەی زەوی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکارە کارگێڕی و هونەرییەکان کرا. خۆشحاڵانە تێڕوانین و هاوئاهەنگییەکی باش لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە هەبوو بۆ هاوکاریکردن و جێبەجێکردنی ئەم پرسە.”

بژار حەکیم جەختی لەوەش کردەوە: که بۆ وەرگرتنی پێدانی زەوی بە رۆژنامەنووسان پێویستی بە رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ ئەو مەبەستە سەندیکا ناوی رۆژنامەنووسەکان بە نووسراوێکنئاراستە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، وەک سەندیکا بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ دابینکردنی ماف و شایستەکانی ڕۆژنامەنووسان.

لە کۆتایی سەردانەکەشدا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەڵوێستە پشتیوانیکارەکانی بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕێزنامەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پێشکەش به ساسان عەونی کرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئێران بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز ڕێوشوێنی نوێی ڕاگەیاند

سەڵاح

حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون دەستنیشان کرا

یاسین

ڕاگەیندراوێک لە پارێزگاری هەولێرەوە، سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی دەوامی فەرمی دام و دەزگاکان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز

دڵشاد