zagros news agency

ڕاگەیاندنی ئەمنی: ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی سەبارەت بە دۆسیەی نرخی ئاڵوگۆڕ دراو و ئابوورین و هێزە ئەمنییەکان دەست لە بازاڕ وەرنادەن

 

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، ڕایگەیاند کە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەلی ئەلزەیدی، جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی دۆسیەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بابەتێکی دارایی و ئابوورییە و هیچ دەستتێوەردانێکی هێزە ئەمنییەکان لە بازاڕدا نییە.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختیان کردووەتەوە کە دۆسیەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و دراوە بیانییەکان، دۆسیەیەکی دارایی و ئابوورییە و لەلایەن میکانیزمەکانی بازاڕ و هاوکێشەکانی خستنەڕوو و داواکارییەوە بەڕێوە دەچێت.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی لایەنە دارایی و نەختییە پەیوەندیدارەکان و لە سەرووی هەمویانەوە بانکی ناوەندیی عێراقدایە و دۆسیەیەکی ئەمنی نییە.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی جەختی کردەوە کە هیچ ڕێنماییەک بۆ هێزە ئەمنییەکان دەرنەچووە بۆ دەستتێوەردان لە جووڵەی بازاڕ یان کاریگەری خستنەسەر نرخی ئاڵوگۆڕ و ڕۆڵی ئەوان لە جێبەجێکردنی یاسا و فەرمانە دادوەرییە فەرمییەکاندا کورت دەبێتەوە.

ڕوونی کردەوە کە هەر ڕێکارێک بەرامبەر سەرپێچیکاران یان تێوەگلاوان لە کردەوە ناپێویست و نایاساییەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بگیرێتە بەر، بەپێی ڕێکارە یاسایی و دادوەرییە پەسەندکراوەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی دەبێت، تا ڕێگری لە هەر ڕێکارێکی شێواو یان بەزاندنی مافی بازرگانان بگرێت.

شانەکە هەروەها دووپاتی کردەوە کە بانکی ناوەندی تەنها لایەنی پسپۆڕە بۆ چاودێریکردنی دامەزراوە دارایی و بانکییەکان، ڕێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و پاراستنی سەلامەتیی ئاڵوگۆڕە داراییەکان.

لە کۆتاییدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی داوای لە هاووڵاتییان، بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کرد کە دڵنیا بڕواننە دۆخەکە و بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بن لە چالاکییە دارایی و بازرگانییە یاساییەکانیان.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێچیرڤان بارزانی داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات سەردانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بکات

یاسین

بەغدادو هەرێم لەسەر سیستەمی ( الاسيكودا ) ڕێککەوتن

یاسین

فازل میرانی پیرۆزبایی لە مامۆستایان کرد

سەڵاح