جەمال سلێمان، ئەکتەری سووری، دوای 15 ساڵ دابڕان لە نواندنی تەلەڤزیۆنی لە نێو سووریا، بڕیارە لەرێگەی دوو پڕۆژەی درامایی نوێوە دەربکەوێتەوە کە دەبنە قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی هونەری خۆیدا.
ئەو ئەکتەرە خۆی بۆ وێنەگرتنی زنجیرەی “خارج الخدمة” ئامادە دەکات، تێیدا لەگەڵ نووسەری سووری زوهێر قەنوع هاوکاری دەکات، هاوکات لەگەڵ زنجیرەیەکی دیکە بە ناونیشانی “التوأم الشامي”. ئەم دوو کارە دەبنە هۆی گەڕانەوەی بۆ وێنەگرتنی ناوخۆیی لە سوریا بۆ یەکەمجار لە دوای جێهێشتنی وڵات لە ساڵی 2011.
ئەکتەرە سوورییەکە خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی، و دووپاتیکردەوە کە بەردەوام تامەزرۆیە بۆ پێشکەشکردنی کاری هونەری کە شایستەی پێزانینی بینەر بێت، بەڵام لەو بڕوایەدایە کە پێباشترە پێشوەختە هیچ بەڵێنێک لەبارەی ئاستی سەرکەوتنەوە نەدات کە کارەکە دەتوانێت بەدەستی بهێنێت.
جەمال سلێمان گوتی، لەو بڕوایەدایە کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی کارێکی باش پێشکەش بکەن. دوایین ئەزموونی وێنەگرتن کە جەمال سولەیمان لە ناو سوریادا ئەنجامیدابوو بۆ پێش ساڵی 2011 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە ساڵانی دواتردا ناچاربوو کارە دراماییەکانی لە دەرەوەی وڵات ئەنجام بدات، لەوانەش ئەو زنجیرانەی کە باسیان لە کێشەکانی کۆمەڵگەی سووری و گۆڕانکارییەکانی دەکرد.

