عێراق لە ڕیزبەندیی 99ی جیهانیدا هات لە چوارچێوەی پێوەری پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان بۆ ساڵی 2026، بە تۆمارکردنی 79.4 خاڵ؛ ئەمەش بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ماڵپەڕی «Visual Capitalist»ی تایبەتمەند لە داتا و گەڵاڵە ئابوورییەکاندا.
ئەم ڕیزبەندییە پشت بە پێوەرەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکان دەبەستێت، کە ئاستی پەیوەستبوونی دیجیتاڵی لە 159 ئابووریی جیهاندا دەپێوێت؛ لە ڕێگەی پێوەرەکانی وەک دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت و بەکارهێنانی، ڕووپێوی تۆڕەکان، بەکاربردنی داتا و گونجاویی تێچووی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی.
بەپێی ئامارەکان، عێراق لە ئەنجامدا هاوتا بوو لەگەڵ کۆلۆمبیا و پێش کۆماری دۆمینیکان کەوت کە 79.3 خاڵی تۆمار کردبوو؛ لە کاتێکدا میسر 79.6 خاڵ، تونس 80.1 خاڵ، ئەندۆنیزیا 84.7 خاڵ و بەرازیل 84.6 خاڵیان بەدەست هێنابوو.
لە سەرانسەری جیهاندا، سعوودیە بە 99.8 خاڵ لە پێشەنگی ڕیزبەندییەکەدا هات و ئیمارات بە 98.8 خاڵ لە دوایدا بوو؛ هەروەها وڵاتانی کەنداو دەستیان بەسەر پێنج شوێنی نێو دە یەکەمی جیهانیدا گرت (سعوودیە، ئیمارات، کوێت، قەتەر و بەحرێن).
لە ئەوروپادا، ئێستۆنیا بە 98.5 خاڵ لە پێشەنگی ئابوورییە ئەوروپییەکاندا هات، لە دوای ئەویش فینلاند بە 98.4 خاڵ، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پلەی نۆیەمی جیهانیدا جێگیر بوو بە 97.9 خاڵ.
ڕاپۆرتەکە دەریخست کە تێکڕای پێوەری جیهانی گەیشتووەتە 79 خاڵ؛ بە جۆرێک 59 ئابووری پلەی نێوان 90 تا 100 خاڵیان تۆمار کردووە، لە بەرامبەر 15 ئابووری کە پلەکانیان کەمتر لە 50 خاڵ بووە.
داتاکان ئاماژەیان بە باشتربوونێکی بەربڵاو دا لە ئاستەکانی پەیوەستبوونی دیجیتاڵیدا، بەو پێیەی 146 ئابووری لە کۆی 151 ئابووری کە لە وەشانەکانی ساڵی 2023 و 2026ی شاخصەکەدا بەشداربوون، بەرزبوونەوەیان لە پلەکانیاندا تۆمار کردووە.

