zagros news agency

وەزارەتی کشتوکاڵ: بڕیاری فیدراڵ لەبارەی هەڵگرتنی باج لێکەوتەی خراپی دەبێت

 

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناوی پارێزگاریکردن لە بەرهەمی نیشتمانی و پشتگیریکردن لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی فەرمیی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەردەبڕێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، رزگار حەمەد، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ لەکۆنگرەیتەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو بڕیارەی لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەرکراوە و تایبەتە بە دواخستنی باج لەسەر هێلکە و مریشکی بەستووی هاوردە، نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین و بڕیارەکە لێکەوتەی خراپی دەبێت.

ئاماژەی بەوەش دا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دوو نووسراوی فەرمی ناڕەزایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری کشتوکاڵی عێراق کردووە. هاوکات فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە پەرلەمانی عێراق لەم مەترسییە ئاگادار کردووەتەوە.

رزگار حەمەد، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ نیگەرانیی قووڵی وەزارەتەکەی لەم بڕیارە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی نیشاندا و رایگەیاند “ئەم بڕیارە پێچەوانەی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئاسایشی خۆراک و پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ، هەروەها پێچەوانەی ئەو رێککەوتن و میکانیزمانەیە کە پێشتر لەسەر رۆژژمێری کشتوکاڵی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ رێکخراون”.

جەختیێشکردەوە، کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناخی خۆبژێوی و زێدەڕۆیی لە بەرهەمهێناندا. لە رووی هێلکەی خواردنەوە، لە کۆی 59 پڕۆژە ساڵانە زیاتر لە 4 ملیار دانە هێلکە بەرهەم دێت، لە کاتێکدا پێویستیی ناوخۆیی تەنیا 1 ملیار دانەیە.

لە بەشی گۆشتی مریشکدا، زیاتر لە 2,100 پڕۆژە، ساڵانە سەرووی 450 هەزار تۆن مریشک بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا پێویستیی هەرێمی کوردستان تەنیا 150 هەزار تۆنە.

ئەم ئامارانە دەیسەلمێنن کە بەرهەمی ناوخۆیی نەک هەر پێویستیی تەواوی هەرێمی کوردستان پڕدەکاتەوە، بەڵکو توانایەکی گەورەی هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراق. لابردن یان دواخستنی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە، بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەخنکێنێت، زیانی دارایی بە خاوەن کێڵگەکان دەگەیەنێت و هەلی کار بۆ دەیان هەزار هاووڵاتی دەخاتە مەترسییەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ لە کۆتاییدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات لە جیاتی ئەو بڕیارانە، هاوکاریی دابینکەرانی ئالیک و خاوەن کێڵگەکان بکات و رێگە بدات بەرهەمی زیادەی هەرێمی کوردستان بە ئاسانی بگاتە سەرجەم ناوچەکانی تری عێراق.

پێنجشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بڕیاری داوە بە دواخستنی وەرگرتنی باج و کرێی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە و مریشک و گۆشتی ئاژەڵی هاوردەکراو.

باسی لەوەش کرد، ئامانج لەم هەنگاوە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی بازاڕەکانی ناوخۆ و دابینکردنی ئەم ماددە سەرەکییانەیە بە نرخی گونجاو، بۆ ئەوەی لە توانای کڕینی هەموو هاووڵاتییاندا بێت.

ئەم بڕیارەی حکوومەت لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەم، ئەنجوومەنی وەزیران و بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریان دا بەهای فەرمیی دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراقی بۆ 1520 دینار بەرز بکەنەوە. ئەم بڕیارە بووە هۆی دروستبوونی ناجێگیری لە بازاڕەکانی ناوخۆدا و نرخی 100 دۆلار لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە سەرووی 165 هەزار دینار.

بەرزبوونەوەی خێرای بەهای دۆلار کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان دروست کرد و بارگرانییەکی زۆری خستە سەر شانی هاووڵاتییان.

هەواڵی پەیوەندیدار

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی كارەباوە

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا تاوتوێى په‌يوه‌ندييه‌كان ده‌كه‌ن

سەڵاح

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ هۆشداری له‌باره‌ی هێرشه‌ درۆنییه‌كان و بڕینی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی كوردستان ده‌دات

سەڵاح