کۆمپانیای مێتا لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی مەرج و ڕێساکانی بەکارهێنانی بازرگانی، ڕێگە بەخۆی دەدات بە شێوەیەکی خۆکارانە ناوەڕۆک و هەواڵی دەزگا میدیاییەکان بۆ ڕاهێنانی مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد بەکاربهێنێت؛ بڕیارێک کە ناڕەزایەتییەکی توندی لە ناوەندە میدیاییە جیهانییەکاندا لێکەوتووەتەوە.
بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکانی مێتا بۆ پلاتفۆڕمەکانی (فەیسبووک و ئینستاگرام)، لەمەودوا هەر دەزگایەکی هەواڵ یان بڵاوکەرەوەیەک کە بەستەری (لینکی) بابەتەکانی لەسەر ئەو تۆڕانە بڵاوبکاتەوە، بە شێوەیەکی خۆکارانە ڕەزامەندی دەدات بەوەی ڕۆبۆتە زیرەکەکانی مێتا بچنە ناو ماڵپەڕەکەی، زانیارییەکان کۆبکەنەوە و شیتاڵیان بکەن بە مەبەستی پێشخستن و ڕاهێنانی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد (AI).
ئەم هەنگاوەی مێتا نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکەرەوە نێودەوڵەتییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە. بڵاوکەرەوەکان ڕەخنەی توند لەوە دەگرن کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆجیا بێ پێدانی شایستەی دارایی یان وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی، بەرهەم و ماندووبوونی ڕۆژنامەوانی بۆ بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن.
هاوکات چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم شێوازە مامەڵەیە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی خاوەندارێتیی فیکرییە و زیانێکی گەورە بە کەرتی ڕۆژنامەگەری دەگەیەنێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان هەوڵ دەدەن بەرهەمی میدیاکان بە خۆڕایی بۆ بنیاتنانی سیستەمگەلێک بقۆزنەوە کە لە داهاتوودا دەبنە ڕکابەری سەرەکیی دەزگا هەواڵییەکان خۆیان.

