بە گوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا، ئەم ڕێککەوتننامەیە ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەم (٢٩ی ڕەزبەر)، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە دەوحە، پایتەختی قەتەر، لە لایەن وەزیران و بەرپرسانی باڵای بەرگریی چوار وڵاتەکەوە واژۆ کرا.
ئەم ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا؛ شێخ سەعوود بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، وەزیری بەرگریی قەتەر؛ یووسف جۆهەری، جێگری وەزیری بەرگریی ئیندۆنیزیا؛ و خواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان بەڕێوە چوو.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ڕێککەوتننامەی بەدر بە ئامانجی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بواری بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازیدا، بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگریی و بەرنامەی هاوبەش لە بوارەکانی ڕاهێنانی تەکنیکیی سەربازی، توێژینەوە و پەرەپێدان (R&D) واژۆ کراوە.
ئەم پەیمانە چوارچێوەیەک بۆ دروستکردنی چارەسەری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتەکانی بەرگریی و هێرشبردن بە گوێرەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لە سیستەمە سەربازییە مۆدێرنەکاندا دابین دەکات و گرنگییەکی ئابووریی تایبەتی بۆ وڵاتانی واژۆکەر هەیە. تێکەڵکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی سەربازی، باشترکردنی یەکپارچەیی و بەهێزکردنی پیشەسازییەکانی بەرگریی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان وەک ئامانجە سەرەکییەکانی دیکەی باس کراوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی کردەوە؛ چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕێککەوتنە یارمەتی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دوولایەنەکان، پەرەپێدانی هاوکارییە فرەلایەنەکان و بەهێزکردنی ئاسایش، سەقامگیری و ئامانجە هاوبەشەکان لە ناوچەکەدا بدات.

