لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دیارترین ئەو بڕگانەی ئاشکرا کرد کە لە یاسای مۆڵەتی درێژخایەندا بۆ فەرمانبەران جێگیر کراون.
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان، عودەی عەواد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند کە لیژنەکەیان دەنگی لەسەر «یاسای مۆڵەتی درێژخایەن» داوە.
ڕوونی کردەوە کە یاساکە مۆڵەتی پێنج ساڵ بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت لەخۆ دەگرێت و لیژنەکە پێشنیارێکی خستووەتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە ئایا مۆڵەتەکە بە مووچەی بنەڕەتی بێت یان بە نیوەی مووچەی بنەڕەتی، بە جۆرێک کە مافی هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی پەرلەمان دەمێنێتەوە.
عەواد ئاماژەی بەوە دا کە لیژنەکە لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا دەسەڵاتی کارکردنی لە کەرتی تایبەتدا بە فەرمانبەران بەخشیوە، تاوەکو کارکردن لە کەرتی تایبەت ببێتە جێگرەوەیەک بۆ دابینکردنی بژێوییان لە ماوەی مۆڵەتەکەدا.
هەروەها ئاشکرای کرد کە لیژنەی دارایی پێشنیاری ڕاستەوخۆی کردووە بۆ زیادکردنی خاوەن گرێبەستەکانی بڕیاری (٣١٥) تاوەکو ئەوانیش مافی وەرگرتنی ئەم مۆڵەتەیان هەبێت.

