گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕای گەیاند ئەو وڵاتە زۆر نیگەرانە لە ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دەوروبەریدا و پەکین لە داهاتوویەکی نزیکدا نێردراوێک بۆ وڵاتانی پەیوەندیدار دەنێرێت.
گوۆ جیاکون ڕۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتوویەتی: “چین بەم زووانە نێردراوێکی تایبەت دەنێرێت بۆ سەردانیکردنی وڵاتانی ئەم ناوچانە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەهێز بکات، پەیوەندی و گفتوگۆ پێش بخات، یارمەتیی کەمکردنەوەی گرژییەکان بدات و ڕێگری لە خراپتربوونی زیاتری دۆخەکە بکات.”
ئەو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکەن و هەروەها نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەبارەی بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ قۆچی ئەفریقا و ناوچەی دەریای سوور.
هەفتەی ڕابردوو، وەزیرانی دەرەوەی چین و جیبووتی لە پەکین کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردەوە و بە فاکتەرێکی سەرەکییان زانی بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە قۆچی ئەفریقا و ناوچەی دەریای سووردا.

